سکاڵا لەسەر ڕێگرتن لە گەشتیارانی فڕۆکەیەکی هەولێر لە فڕۆکەخانەی بەغدا تۆمار دەکرێت

فڕۆکەی هێلی ئاسمانیی عیراقییە
فڕۆکەی هێلی ئاسمانیی عیراقییە

گەشتیارانی ئەو فڕۆکەیەی لە هەولێرەوە بەرەو بەغدا فڕین، لە نێو فڕۆکەخانەکە ڕێگەیان پێ نەدرا دەربازی نێو بەغدا ببن، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر دەڵێت، بەپێی زانیارییەکانی بە ئەوان گەیشتووە، بەهۆی نیشتنەوەی دوو فڕۆکەی حاجییان، بووەتە قەرەباڵغی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا، سەرۆکی لێژنەی وەبەرهێنان و گەشەپێدانی پەرلەمانی عێراقیش داوای ئەوە دەکات، لێپرسینەوەی یاسایی لەگەڵ بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا بکرێت.

سێشەممە (25ـی حوزەیرانی 2024)، فڕۆکەیەکی هێلی ئاسمانی عیراقییە کە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە بە کۆمەڵێک گەشتیارەوە بەرەو بەغدا فڕی، لەنێو فڕۆکەخانەی بەغدا ڕێگەیان پێ نەدرا دەربازی نێو بەغدا ببن و دووچاریی تەنگە نەفەسی و باری تەندروستی خراپ بوونەوە بەهۆی ئەو قەرەباڵغییەی دروستبوو.

ئەحمەد هۆشیار بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، بەپێی زانیارییەکانی بە ئەوان دراوە، ئەو فڕۆکەیەکی هێلی ئاسمانی عیراقییە کە لە هەولێرەوە بەرەو بەغدا فڕیوە، هیچ کێشەیەکی نەبووە، تەنها لەبەر ئەوەی دوو فڕۆکەی حاجییان لەنێو فڕۆکەخانەی بەغدا نیشتوونەتەوە، قەرەباڵغی لە فڕۆکەخانەکە دروستبووە، بۆیە ڕێگریی لە گەشتیارانی نێو ئەو فڕۆکەیە کراوە کە لە هەولێرەوە چووە، دەربازی نێو فڕۆکەخانەکە ببن.

حوسێن قاسم خەفاجی، سەرۆکی لێژنەی وەبەرهێنان و گەشەپێدان لەسەر ڕاگرتنی گەشتیارانی نێو ئەو فڕۆکەیەی لە هەولێرەوە چووە بۆ بەغدا، بە نووسراوێکی فەرمی، هەر ڕۆژی سێشەممە (25ـی حوزەیرانی 2024)، داوای لە وەزیری گواستنەوە کردووە، بەپێی ماددەی 27 لە یاسای ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لێژنەیەکی لێکۆڵینەوە لەسەر بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا دروست بکرێت کە ڕێگریی لەو گەشتیارانە کردووە کە لە هەولێرەوە چوونەتە بەغدا لەڕێگەی هێلی فڕۆکەوانی عێراقییە، لە دەرگای ژمارە 22 ی فڕۆکەخانەی بەغدا بووەتە قەرەباڵغی و جەنجاڵی کە دۆخی تەندروستیی گەشتیارە بەتەمەنەکانی تێکداوە، دەشڵێت، ئەوە نیشاندانی دیمەنێکی ناشرینی ئەو دەروازەیەی وڵاتە، داوای کردووە ئەوانەی کەمتەرخەمییان نواندووە سزا بدرێن، چونکە نەیانتوانیووە خزمەتگوزاریی پێشکەشی گەشتیاران بکەن.