رۆنی عه‌لی: پێویستبوو لێکۆڵینەوە لە کۆمەڵکوژیی کۆبانێ کرابووایە

رۆنی عه‌لی، نووسەر
رۆنی عه‌لی، نووسەر

K24 – هەولێر:

نۆ ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژیی کۆبانێ تێدەپەڕێت و زیاتر لە 250 کەس کوژران. نووسه‌رێک ئاماژە بەوە دەکات، پێویستبوو لێکۆڵینەوە لە کۆمەڵکوژیی کۆبانێ کرابووایە.

رۆنی عه‌لی، نووسەر، لەمیانەی بەشداریی لە گەشتی دواهەواڵی کاتژمێر 23ـی کوردستان24ـدا، گوتی: کاتێ کۆبانێ ئازاد کرا خەڵکەکەی ویستیان بگەڕێنەوە بۆ زێدی خۆیان بەڵام کاتێک گەڕانەوە کۆبانێ دووبارە داگیر کرایەوە و کۆمەڵکوژی تێدا ئەنجام درا و کۆبانێ بووە قوربانی.

ئەو نووسەرە ئاماژە بەوە دەکات، ئەوەی جێگەی پرسیار بوو کاتێک کۆبانێ ئازاد کرا نازانم ئەو هێزە چەکدارەی کە ئەرکی پاراستنی شارەکەی لەئەستۆ بوون بۆچی نەیانتوانی کۆبانی بپارێزێت، هۆکاری ئەو کۆمەڵکوژییە بوون.

جەختی لەوە کردەوە، پێویستبوو لێکۆڵینەوە لە کۆمەڵکوژیی کۆبانێ کرابووایە.

دوای شەڕی 134 ڕۆژەی کۆبانی و لە سەردەمێکدا کە شادی خەڵک لەگەڵ ڕزگارکردنی شارەکە بەردەوام بوو. چەکدارانی داعش کۆمەڵکوژییەکی گەورەیان لە دژی کوردانی ئەو ناوچەیە ئەنجامدا، دەیان کەسی بێتاوانیان کوشت.

دوای ئازادکردنی شاری کۆبانی لەسەر دەستی پێشمەرگە بە پاڵپشتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، شەوی 25ـی حوزەیرانی 2015 چەکدارانی داعش هێرشیان کردە سەر شاری کۆبانی و زیاتر لە 250 کەسیان کووشت، هەروەها زیاتر لە 270 کەس بریندار بوون کە ژن و منداڵ و بەساڵاچوویان تێدابوو.

تا ئێستە نازانرێت چه کدارانی داعش چۆن هاتوونەتە ناو شارەکە ئەو شەوە و بە شێوەیەکی دڕندانە خەڵکیان کوشتووە، لە کاتێکدا شارەکە لەلایەن یەپەگە کۆنترۆڵکرابوو.