حکوومەتی عێراق داڵدەدانی سەرکردەکانی حەماس ڕەت دەکاتەوە

حکوومەتی عێراق ڕەتیدەکاتەوە هیچ داواکارییەکی لە بزووتنەوەی حەماسەوە پێگەیشت بێت بۆ گواستنەوەی سەرکردەکانی بزووتنەوە لە قەتەرەوە بۆ عێراق و نیشتەجێکردنیان لە بەغدا.
فادی شەمەری ڕاوێژکاری سیاسیی سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕەتیکردووتەوە و ڕایگەیاندووە، هیچ بڕیارێک نییە بۆ کردنەوەی بارەگای فەرمی حەماس وەک ئەوەی بانگەشەی بۆ کراوە، نە هیچ داواکارییەکیش دراوەتە حکوومەتی عێراق بۆ کردنەوەی نووسینگەی فەرمی ئەو بزووتنەوەیە لە عێراق.
هەروەها ڕۆژنامەی شەرقولئەسەت لە زاری سەرچاوەیەکی دیکەی نزیک لە حکوومەتی عێراق بڵاویکردووتەوە، گواستنەوەی سەرکردەکانی بزووتنەوەی حەماس هەر یەک لە خالید مەشعەل و ئیسماعیل هەنیە بۆ بەغدا دوورە لە ڕاستییەوە.
پێشتر ڕۆژنامەی زە ناشیۆناڵ لە زاری پەرلەمانتارێکی عێراق بڵاوی کردەوە، مانگی ڕابردوو سەرکردەکانی عێراق ڕەزامەندیان دەربڕیوە لەسەر گواستنەوەی سەرکردەکانی بزووتنەوەی حەماس بۆ بەغدا.
ڕۆژنامەکە نووسیویەتی، لە مانگی ڕابردوودا، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا هەنگاوەکان بەوردی لەلایەن محەممەد شییاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق و ئیسماعیل هەنییە گفتوگۆی دەربارە کراوە، بەڵام لەنێو سیاسییەکانی عێراق کۆ دەنگییەک لە سەر گواستنەوەی سەرکردەکانی حەماس بۆ بەغدا نییە.
هەر بەگوێرەی زانیارییەکانی ڕۆژنامەی زە ناشیۆناڵ، لەم مانگەدا بزووتنەوەی حەماس نووسینگەی خۆی لە بەغدا کردووتەوە کە محەممەد حافی سەرۆکایەتی دەکات و بڕیاریشە لە ماوەیەکی نزیکدا نووسینگەیەکی ڕاگەیاندنیش هەر لە بەغدا بکەنەوە.