لە چەند پارێزگایەکی عێراق خۆپیشاندان بەڕێوە دەچێت
"کەم ئاوی و خراپی دۆخی کارەبا خەڵکی هێناوەتە سەر شەقام"

ئەمڕۆ چوارشەممە، 26-6-2024، دانیشتووانی پارێزگای بابل لە بەردەم بینای پارێزگاکە خۆپیشاندانیان کرد و ناڕەزایەتییان بەهۆی کەمی ئاو دەربڕی.
بەگوێرەی مێدیا ناوخۆییەکانی عێراق، ئەمڕۆ خەڵکی ناوچەکانی ئەلخەمیسیە و ئەلغەزالی لە بەردەم فەرمانگەی پارێزگای بابل خۆپیشاندانیان کردوو داوای دابینکردنی ئاویان بۆ ئەو ناوچانە دەکرد کە بەدەست کەم ئاوییەوە گیرۆدەبوون.
ئاماژەیان بەوەش دا، بەهۆی دابین نەکردنی ئاوەوە زۆرینەی دانیشتووانی ناوچەکەی ناچارکردووە شوێنەکانیان جێبهێڵن، هەروەها بەرهەمی کشتوکاڵ و ئاژەڵداری کە لە گرنگترین ناوچە کشتوکاڵییەکانی باشووری پارێزگای بابلە بەو هۆیەوە کەمبووەتەوە.
لەلایەکی دیکەوە ئەمڕۆ خۆپیشاندەرانی شاری ناسریە باڵەخانەی پارێزگای زیقاریان داخست و دەستەواژەی "بە فەرمانی خەڵک داخراوە" لەسەر دیوار و دەرگای پارێزگا نووسی.
مێدیاکانی ناوخۆ باسیان لەوەکرد، خۆپیشاندانەکان وەک ناڕەزایەتییەک بووە بەرامبەر بە تێکچوونی دۆخی کارەبا و تەواوبوونی ئەو وادەیەی کە بە خۆپیشاندەرانیان درابوو بۆ باشترکردنی کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا.
لە بەغدای پایتەختیش، دوو خۆپیشاندان لە ناوچەی "تەحریر" و بەرامبەر باڵەخانەی ئەنجوومەنی پارێزگا بەڕێوەچوو و هاووڵاتییان داوای دابینکردنی خزمەتگوزارییە سەرەتایییەکانیان دەکرد. هاوکات ئەوانەی لە کاتی خۆی لە وەزارەتی بەرگری هەڵهاتوون و دامەزراندنەکەیان هەڵوەشێندراوەتەوە، داوای دووبارە دامەزراندیان دەکرد.
هەر لە بەغدای پایتەخت، دەیان دەرچوو و مامۆستای وانەبێژ لە بەردەم باڵەخانەی ئەنجوومەنی پارێزگا گردبوونەوە و داوای دامەزراندیان کرد.
ئەمە لە کاتێکدایە، پلەکانی گەرما لە بەغدا و ناوچەکانی دیکەی ناوەڕاست و باشووری عێراق گەیشتووەتە سەروو 50 پلەی سیلیزی، و کەشناسیی دەڵێت: له هەشت پارێزگا پلەکانی گەرما گەیشتووەتە پلەی کوڵان، بەڵام عێراقییەکان خۆیان دەڵێن، گەرمای ئەمساڵ گەیشتووەتە برژاندن و سووتاندن و لە کوڵان و گەرمای ئاسایی تێپەڕیوە.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، بەشێک لە شارە عێراقییەکان لە ڕیزبەندە یەکەمەکانی جیهان بوون لە گەرمترین ناوچەکانی جیهان. گۆڤاری پالاسیرڤیلی ئەمەریکی بڵاویکردووەتەوە: ڕۆژی (24ـی حوزەیرانی 2024) شاری بەسرە گەرمترین پلەی گەرمی لەسەر ئاستی جیهان تۆمار کردووە لە ماوەی 24 کاتژمێردا، کە پلەی گەرمی گەیشتووەتە 51.1 پلەی سیلیزی، دوای ئەویش شاری ناسرییەی ناوەندی پارێزگای زیقار دێت بە 50.7 پلەی سیلیزی و شاری عیمارەی ناوەندی پارێزگای میسانیش بە 50.3 پلەی سیلیزی، شەشەم گەرمترین ناوچەی جیهان بووە.
لەگەڵ هەموو نەهامەتییەکانی ڕووی لە عێراقییەکان کردووە، لە ڕووی دۆخی ئابووریی و سیاسیی و نەبوونی خزمەتگوزارییەکان، بەڵام کێشەی گەورە و سەرەکی عێراق کە چەندین ساڵە هیچ پێشکەوتنێکی بەخۆیەوە نەدیوە؛ دۆخی کارەبایە.


