مارک ڕووتە بە فەرمی بووە سکرتێری گشتیی داهاتووی ناتۆ
ئەمڕۆ چوارشەممە، 06-06-2024، هاوپەیمانیی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، بڕیاریان داوە مارک ڕووتە، سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا لە شوێنی جێنس ستۆڵتنبێرگ، وەک سکرتێری گشتیی داهاتووی هاوپەیمانییەکە دەستنیشان بکەن.
ڕووتە لە تشرینی یەکەمی 2024 وەک سکرتێری گشتیی ناتۆ دەستبەکار دەبێت، کاتێک پۆستی ستۆلتنبێرگ دوای 10 ساڵ لە سەرۆکایەتیی هاوپەیمانییەکە کۆتایی دێت.
ماوەیەک پێش ئێستا بارزان حەسەن، پەیامنێری کوردستان24 پرسیاری لە سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا کرد دەربارەی کاندیدکردنی بۆ پۆستە نوێیەکەی، ئەویش لە وەڵامدا گوتی: "ڕاستە کاندید کراوم، بەڵام نازانرێت هەموو وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ دەنگم پێ دەدەن یان نا". ئەمڕۆ بە زۆرینەی دەنگی وڵاتان، ڕووتە بەفەرمی وەکو سکرتێری گشتیی ناتۆ هەڵبژێردرا.
هاوپەیمانی ناتۆ بارەگای سەرەکی لە برۆکسلی پایتەختی بەلجیکایە. 32 وڵات لە هاوپەیمانیەتییەکەدا ئەندامن. لە یەکێک لە ڕێککەوتنەکانی ناتۆدا هاتووە، "هێرشکردن بۆ سەر هەر وڵاتێکی ئەندام لە ناتۆ، واتای هێرشکردنە بۆ سەر تەواوی وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ".