گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان: هیچ ئاوارەیەکمان بە زۆر نەهێناوە و کەسیش بە زۆر نانێرینەوە

دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان
دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان

گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ڕەتی دەکاتەوە ڕێگری لە گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان بکەن و جەخت لەوە دەکاتەوە، "ئاوارەکان میوانی هەرێمی کوردستانن. هیچ ئاوارەیەکمان بە زۆر نەهێناوە و کەسیش بە زۆر نانێرینەوە".

ئەمڕۆ چوارشەممە، 26-06-2024، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لەبارەی گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانیان، ڕایگەیاند، "ئاوارەکان میوانی هەرێمی کوردستانن، بەهۆی بارودۆخێکی نەخوازراوەوە ڕوویان لێرە کردووە".

دڵشاد شەهاب گوتی: "جێگەی خۆیتی بەبیر هەمووان بهێنینەوە؛ هەرێمی کوردستان لە قورسترین بارودۆخدا دەرگای بە ڕووی ئاوارەکانی ناوچەکانی دیکەی عێراقدا کردەوە کە ئەو کاتی ئێمە لە ژێر هەڕەشەی تیرۆر و فشارێکی ئابووریی زۆر قورسدا بووین. واتا هیچ بەرژەوەندییەکانمان لەو چەندەدا نەبووە، ئێمە نەچووینە داوای بکەین ئاوارەکان بێنە هەرێمی کوردستان، بارودۆخێک هۆکار بووە. ئەوانیش پێیان خۆش نەبووە".

وەکو ئەوەی گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان باسی کرد، "ئێستاش ئێمە لە هەموو کاتێک زیاتر حەز دەکەین بارودۆخی شوێنی نیشتەجێبوونی ئاوارەکان گونجاو بێت بۆ ئەوەی بتوانن بگەڕێننەوە. ئێمە نە کەسمان بە زۆر هێناوەتە لێرە و نە کەسیش بە زۆر دەنێرینەوە. خۆیان بە ئیرادەی خۆیان هاتوون و هیچ لۆژیکێکیش قبووڵ ناکات هەرێمی کوردستان ڕێگر بێت لە بەردەم گەڕانەوەی ئاوارەکان".

دڵشاد شەهاب ئەوەشی خستەڕوو، "لە کاتی هەڕەشەی تیرۆر، دەرگای زاڵگەکانمان بە ڕووی ئاوارەکاندا دانەخست و بێ هیچ پشکنینێک باوەشمان بۆ دەیان هەزار ئاوارەی ناوچەکانی دیکەی عێراق کردەوە؛ مەعقوڵە ئەمڕۆ ڕێگری لە گەڕانەوەیان بکەین؟. بەخێرهاتنمان کردوون و کەی ویستییان بچن، بەخێربچن، بەسەرچاو".  

 

 

بوونی ئاسایش و ئارامییەکی پتەو لە هەرێمی کوردستان، وایکردووە خەڵکی وڵاتانی دراوسێ و وڵاتانی دیکەش لە کاتی جەنگ و مەترسی لەسەر ژیانیان وەک پەنابەر ڕوو لە هەرێمی کوردستان بکەن. کەلتووری مرۆڤدۆستی و میواندۆستی کوردستانییان وایکردووە پەنابەران، هەرێمی کوردستان وەک پەناگەیەکی ئارام ببینن و هەست بە پارێزراوی بکەن.

لە هەرێمی کوردستان 900 هەزار و 467 ئاوارە و پەنابەر لە نێو و دەرەوەی کەمپەکان دەژین. لەو ژمارەیە، 269 هەزار و 293 یان پەنابەرن و لە وڵاتانی دیکەوە ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کردووە. لەوانەش 251 هەزار و 475 پەنابەری سوورین، 7 هەزار و 796 پەنابەری تورکی، 8 هەزار و 357 پەنابەر ئێرانی و و 652 پەنابەریش فەڵەستینین. جیا لەوەش 10 هەزار و 13 پەنابەری وڵاتانی دیکەی جیاواز هاتوونەتە هەرێمی کوردستان.

لە ساڵی 2023، دوو هەزار و 97 پەنابەر گەڕاونەتەوە وڵاتەکانیان، لە کاتێکدا سێ هەزار و 389 پەنابەر هاتوونەتە هەرێمی کوردستان.

حکوومەتی هەرێمی کورستان هەمیشە دەرگاکانی بۆ پێشوازیکردن لە پەنابەران واڵابووە و خزمەتگوزاری جۆراو جۆری پێشکەشکردوون، بە جۆرێک لەسەدا 80ی خەرجی ئاوارە و پەنابەران لەسەر شانی حکوومەتی هەرێمە، کە دەکاتە نزیکەی 842 ملیۆن دۆلاری ساڵانە.

لە پێناو دەستەبەرکردنی دەرفەتی خوێندن حکوومەتی هەرێمی کوردستان، 53 قوتابخانەی بۆ پەنابەران تەرخان کردووە. ژمارەی قوتابییە ئاوارە و پەنابەرەکان لە هەرێمی کوردستان 40 هەزار و 410 قوتابییە.