به‌رنامه‌ی باسی ڕۆژ پرسی كۆچبه‌ران بۆ ئه‌ورووپا و ئاڵنگارییه نوێیه‌كان تاوتوێ ده‌كات
K24 - هەولێر:
تا دێ كۆچبه‌ریی بۆ ئه‌ورووپا پتر ده‌بێت، هاوكات ڕاستڕه‌وه‌كانی ئه‌ورووپا له هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی یه‌كێتیی ئه‌ورووپا باڵاده‌ستی خۆیان سه‌پاندووه و زۆرینه‌ی كورسییه‌كانیان به ده‌ست هێناوه. یه‌كێك له ئه‌رك و ستراتیجییه‌كانیان بریتییه له ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی كۆچبه‌ران، به‌تایبه‌تی كۆچبه‌رانی نایاسایی بە بیانووی ئه‌و قه‌یرانه سیاسیی، ئابووریی و ئاساییشییه‌ی كیشوه‌ره‌كه ڕووبه‌ڕووی بووه‌ته‌وه. چه‌ند ڕۆژێك له‌مه‌وبه‌ر، به‌له‌مێكی كۆچبه‌ران له ئاوه‌كانی ئیتاڵیا تێكشكا و ژماره‌یه‌ك له كۆچبه‌ران كه كوردیشیان له‌ناودا بوو، خنكان. به‌رنامه‌ی باسی ڕۆژ كه له لایه‌ن گوڵباخ بارامی له كوردستان24ـوه پێشكه‌ش ده‌كرێت، بۆ گفتوگۆ سەبارەت ئه‌م بابه‌ته، میوانداریی هه‌ر یه‌ك له جێگریی یەکەمی سەرۆکی لاوانی ئەورووپا، سیاسەتمەدارێك و ئەندامێكی پێشووی پەرلەمانی ئەلبانیا، جێگریی بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا لە پارتی (نیا دیمۆکراتیکا)ـی یۆنان و نووسەر و شرۆڤەکارێكی جیۆسیاسیی ئیتاڵیی كردووه.
له سه‌ره‌تادا مارکۆ گۆمباچی، نووسەر و شرۆڤەکاری جیۆسیاسیی ئیتاڵیی گوتی، پرسی كۆچبه‌ران بووه‌ته پرس و كێشه‌یه‌كی ئه‌ورووپا و بووه‌ته له‌پێشینه‌ی به‌رنامه و سیاسیه‌تی كاركردنیان به‌تایبه‌ت له ئێسته و قۆناغی داهاتوودا. نه‌خاسمه دوای ئه‌وه‌ی زۆربه‌ی پارته ڕاستڕه‌وه‌كان براوه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی یه‌كێتیی ئه‌ورووپا بوون و به‌مه‌ش ده‌رگا به ڕووی كۆچبه‌راندا توندتر ده‌كرێت.
مارکۆ گۆمباچی، ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، یه‌كێتیی ئه‌ورووپا نه‌یشاردووه‌ته‌وه و به‌رده‌وام دووباره‌ی ده‌كاته‌وه له‌مه‌ودوا مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ كۆچبه‌ری یاساییدا ده‌كات، چونكه كۆچبه‌ره یاساییه‌كان یان كێشه‌ی سیاسیی یان هه‌ر كێشه‌یه‌كی دیكه‌ی په‌یوه‌ست به مافه‌كانی مرۆڤیان هه‌یه و ناچارن بچنە ئه‌ورووپا.
گۆمباچی، سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ش ڕ‌اكێشا، وڵاتانی ئه‌ورووپا له سۆنگه‌ی ئه‌و قه‌یرانه سیاسیی و ئابووریی و ئاساییشییه به‌رده‌وامه‌ی هه‌یانه و ڕووبه‌ڕوویان بووه‌ته‌وه، ناچار ده‌بن به‌ربه‌سته‌كانی به‌رده‌م كۆچیی نایاسایی توندتر و پترتر بكه‌ن.
پاشان، ناسۆس مۆلدۆڤاندیس، جێگریی بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا لە پارتی (نیا دیمۆکراتیکا)ـی یۆنان، تیشكی خسته سه‌ر ئه‌وه‌ی، یۆنان به‌هۆی كۆچبه‌رانه‌وه ڕووبه‌ڕووی چه‌ندان قه‌یران بووه‌ته‌وه، بۆ نموونه زیاتر له 890 كه‌س له ساڵی 2015ـدا به‌ره‌و سنووره‌كانی یۆنان په‌ڕیونه‌ته‌وه و ساڵانه‌یش ئه‌م ژماره‌یه له هه‌ڵكشاندایه، بۆیه یۆنانیش له چوارچێوه‌ی وڵاتانی دیكه‌ی ئه‌ورووپا سیاسه‌تی خۆی به‌رانبه‌ر به كۆچبه‌رانی نایاسایی ده‌گۆڕێت.
ناسۆس مۆلدۆڤاندیس، هێمای بۆ ئه‌وه كرد، ئه‌و شاڵاو و شه‌پۆله زۆره‌ی له ساڵانی ڕابردوودا له لایه‌ن كۆچبه‌رانی نایاساییه‌وه ڕووی له یۆنان كردووه، ئه‌م وڵاته‌ی ڕووبه‌ڕووی چه‌ندان كێشه‌ی ئاساییشی كردووه‌ته‌وه.
ئه‌ورووپا، له ساڵانی ڕابردووه‌وه تا ئەمڕۆ، سه‌باره‌ت به پرسی كۆچبه‌ران چه‌ندان هاوكاریی یۆنانی كردووه، به‌تایبه‌ت كه یۆنان ده‌روازه‌ی چوونی كۆچبه‌رانه بۆ ئه‌ورووپا له ده‌روزاوه‌ی كیشوه‌ری ئاسیاوه و یه‌كێتیی ئه‌ورووپا مه‌به‌ستیه‌تی له‌م ڕوانگه‌یه‌وه پشتیوانیی یۆنان بكات نه‌خاسمه بۆ پێشكه‌شكردنی هاریكارییه‌كانی له بواری ئاساییشدا.
دواتر، گیرتی بۆگدانی، سیاسەتمەدار و ئەندامی پێشووی پەرلەمانی ئەلبانیا باسی له‌وه كرد، یه‌كێتیی ئه‌ورووپا نابێت پرسی كۆچبه‌ران ته‌نیا له ڕووی كۆچبه‌رییه‌وه ببینێت، به‌ڵكوو ئه‌م پرسه په‌یوه‌ندیی به چاره‌نووسی مرۆڤه‌وه هه‌یه، به‌و مانایه‌ی ئه‌وانه‌ی كۆچبه‌رن، ده‌بێت یه‌كێتیی ئه‌ورووپا له ڕووی مرۆییه‌وه مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا بكات.
گیرتی بۆگدانی، سه‌رنجی بۆ ئه‌وه ڕ‌اكێشا، هاتنه‌پێشه‌وه‌ی ڕاستڕه‌وه‌كانی ئه‌ورووپا و به‌ده‌ستهێنانی زۆرینه‌ی كورسییه‌كانی په‌رله‌مانی یه‌كێتیی ئه‌ورووپا له لایه‌ن ئه‌وانه‌وه، سیاسییه كلاسییه‌كانی ڕووبه‌ڕووی قه‌یرانێكی ستراتیجیی كردووه‌ته‌وه له مامه‌ڵه‌كردنێكی ئه‌رێنی له‌گه‌ڵ كۆچبه‌ران و پشتیوانیكردن لێیان له ڕووی مرۆییه‌وه كه تا ئێسته‌یش به‌م شێوه بوونه.
گیرتی بۆگدانی، هێمای بۆ ئه‌وه كرد، پارته ڕاستڕه‌وه‌كانی ئه‌ورووپا بۆ له‌مه‌ودوا مامه‌ڵه‌یه‌كی پۆپۆلستی له‌گه‌ڵ كۆچبه‌ران ده‌كه‌ن؛ له ئه‌نجامیشدا چاره‌نووسی كۆچبه‌ران له ئه‌ورووپا ڕووبه‌ڕووی تراژیدیای مه‌رگ ده‌بێته‌وه، وه‌ك ته‌نیا له ساڵی ڕابردوودا زیاتر له 300 هه‌زار كه‌س له ڕێڕه‌وه ئاوییه‌كان بۆ په‌ڕینه‌وه بۆ ناو ئه‌ورووپا ڕووبه‌ڕووی مه‌رگ بوونه‌ته‌وه و خنكاون.
له لای خۆیه‌وه فەلاح حەسەن، جێگریی یەکەمی سەرۆکی لاوانی ئەورووپا گوتی، ئه‌وانه‌ی كۆچ بۆ ئه‌ورووپا ده‌كه‌ن، بژارده‌ی ژیانی خۆیانه و پێویستییه‌كی كه‌سییه و مه‌به‌ستیانه پڕی بكه‌نه‌وه. له‌م ڕووه‌وه‌یش كه‌سه‌كان ئازادن له هه‌ڵبژاردنی شوێنی ژیانیان و ئه‌و شوێنانه‌ی ڕووی تێ ده‌كه‌ن و پرسی كۆچبه‌ریی پرسێكی كۆنی په‌یوه‌ست به مرۆڤه و ناكرێت ڕێگه له خه‌ڵك بگیردرێت. به‌ڵام گرنگه خه‌ڵك ڕێگه‌یه‌كی سه‌لامه‌ت و پڕ له ئاساییش بگرێته به‌ر بۆ ئه‌و شوێنه‌ی ڕووی تێ ده‌كات و ئامانجیه‌تی پێ بگات.
فەلاح حەسەن، ڕوونی كرده‌وه، باشتر وایه و پێویست ده‌كات ئاستی هۆشیاریی خه‌ڵك به‌تایبه‌تی له هه‌رێمی كوردستان له‌و ئاسته‌دا بێت كه بزانێت ئه‌و ڕێگه‌یه‌ی ده‌یگرێته به‌ر ئاسان نییه و له ده‌ره‌وه‌ی تێروانین و بینینی ئه‌واندایه، به شێوه‌یه‌ك ڕێگه‌یه‌ك و بژارده‌یه‌ك نییه خۆی و خێزانی بۆ بكاته قوربانیی!
فەلاح حەسەن، ئه‌وه‌ی خسته ڕوو، ئه‌ورووپا ئه‌و به‌هه‌شته نییه خه‌ڵك له دووره‌وه ده‌یبینێت، ته‌نانه‌ت له ڕووی ماددییه‌وه ئه‌و پاره‌ی له كۆچدا خه‌رج ده‌كرێت، ڕه‌نگه بتوانرێت له كوردستان ژیانێكی باشتر و شیاوتری پێ دابین بكرێت. تیكشی خسته سه‌ر ئه‌وه‌یش كه وڵاتان ڤیزا به هاووڵاتییانی هه‌رێمی كوردستان ده‌ده‌ن و له‌م باره‌وه ڕێگرییه‌ك نییه بۆ ئه‌وه‌ی هاووڵاتییان گه‌شتیی ئه‌ورووپا بكه‌ن و له نزیكه‌وه دۆخی وڵاتانی كیشوه‌ره‌كه ببینن و بۆیان ڕوون ببێته‌وه "به‌هه‌شت" نییه. ناوبراو به گرنگیشی زانی هاووڵاتییانی هه‌رێمی كوردستان خۆیان ئه‌و باوه‌ڕه‌یان بۆ دروست ببێت كۆچیان بۆ ئه‌ورووپا كۆچ نییه بۆ به‌هه‌شت كه له دووره‌وه بۆیان وێنا كراوه.
به گوته‌ی فه‌لاح حه‌سه‌ن، خه‌ڵكێكی زۆر چوونه‌ته ئه‌ورووپا، به‌ڵام ئه‌و باوه‌ڕه‌ی بۆ دروست بووه كه ئه‌وێ به‌هه‌شت نییه و پاشان گه‌ڕاوه‌ته‌وه. ئه‌وه‌یشی خسته ڕوو، خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان خه‌ڵكێكی دنیادیده و چاوكراوه‌یه و به‌های خۆی له لا گرنگه و به ئاسانی خۆی ڕاده‌ستی چاره‌نووسێكی نادیار و نه‌خوازراو ناكات؛ ته‌نانه‌ت گرنگه خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان گه‌شتیی وڵاتانی ئه‌ورووپا بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی له‌م دنیا كراوه‌یه‌دا به‌شدار بن و پاشان بگه‌ڕێنه‌وه و له شوێنی خۆیاندا له‌گه‌ڵ خانه‌واده و له‌ناو ئازیزانیان به‌یه‌كه‌وه بژین و به‌ها كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی نێوانیان پته‌وتر بكه‌ن.