ئەڵمانیا ئەو پەنابەرانە دیپۆرت دەکاتەوە لە سۆشیال مێدیاوە پشتیوانیی تیرۆر دەکەن

بەپێی پڕۆژە یاسایەکی حکوومەتی ئەڵمانیا، هەر پەنابەرێک لە ڕێگەی ئینتەرنێت و سۆشیال مێدیاوە دەستخۆشیی لە کردەوە و بیری تیرۆریستی بکات دیپۆرت دەکرێتەوە، کۆمێنتێک بەسە بۆ ئەوەی ببێتە بەڵگە و دیپۆرت بکرێتەوە.

ڕەشنووسی پرۆژە یاسایەک کە لە لایەن "نانسی فێزە" وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا، پێشکەش بە حکوومەت کرابوو، پەسەند کرا.

بەپێی ئەو پرۆژە یاسایە لە داهاتوودا، تاکە کۆمێنتێک لە سۆشیالمێدیا و تۆڕی ئینتەرنێت، کە دەستخۆشی بێت لە تیرۆر و کردەی تیرۆریستانە دەبێتە هۆی دیپۆرتکردنەوەی ئەوکەسەی کۆمێنتەکەی کردووە.

لە کۆتایی مانگی ڕابردوودا، پەنابەرێکی ئەفغانی لە شاری مانهایمی ئەڵمانیا بە چەقۆ هێرشی کردە سەر چەندین کەس و پۆلیسێکی کوشت، کەسانێک لە سۆشیالمێدیا پشتیوانی و دەستخۆشیان لەم کردەوەیە کرد و ئەمەش بوو بە هۆی دەرکردنی ئەم یاسایە.

نانسی فێزە، وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا، ڕایگەیاند، "ئێمە بە توندی ڕووبەڕووی ئیسلامیە توندڕەوەکان و بابەتی دژە جوو لە سۆشیالمێدیا دەبینەوە، ئەوەی لێرە وەک کۆچبەر یان پەنابەر دەژیت و دەستخۆشیی لە کردەوەی تیرۆرستانە دەکات دەبێت دیپۆرت بکرێتەوە."

ئەو پرۆژە یاسایە پەنابەرانی عێراقی و سووری و ئەفغانیش دەگرێتەوە کە لە ئەڵمانیا دەژین و لە ڕێگەی فەیسبووک و ئینستگرام و یوتیوب و تیکتۆک بە ڤیدیۆ، کۆمێنت یان لایک دەستخۆشی و پشتیوانیی لە کردەوە و بیری تیرۆریستی دەکەن.

ڕۆبێرت هابێک جێگری ڕاوێژکاری ئەڵمانیا دەڵێت: "ئیسلام بەشێکە لە ئەڵمانیا، بەڵام ئیسلامی سیاسی نا، ئەوەی دەستخۆشی و پشتیوانیی لە بیرو کردەی تیرۆریستی بکات دەبێت لێرە بڕوات."