دژی خشتەکانی بودجەی 2024 سکاڵای یاسایی تۆمارکرا

لیجنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق، سکاڵا دژی پەسەندکردنی خشتەکانی بودجەی 2024 تۆمار دەکات و ئاماژە بەوە دەکات ئەو ڕێکارەی خشتەکانی پێ پەسەند کراوە، یاسایی نەبووە.
موعین کازمی، ئەندامی لیجنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند؛ لەلایەن ئەندامێکی لیجنەی یاساییەوە سکاڵایەک تۆمار کراوە دژی پەسەندکردنی خشتەکانی بودجەی 2024.
بەگوتەی کازمی، ناوەڕۆکی سکاڵاکە بەشێوەیەکە کە داوا کراوە پەسەندکردنی خشتەکانی بودجەی 2024 ڕەت بکرێتەوە، چونکە بە ڕێکاری یاسایی هەموارکردندا تێنەپەڕیوە.
سکاڵاکارەکە ئاماژەی بەوە کردووە؛ بەهۆی ئەوەی گۆڕانێکی گەورە لە تەرخانکراوەکاندا کراوە و زۆربەی ژمارە گەورەکان دەستکاریی کراون، دەبوو هاوشێوەی هەمواری یاساکانی دیکە مامەڵەی لەگەڵ بکرایە، خوێندنەوە یەکەم و دووەمی بۆ بکرایە و پاشان لەکۆبوونەوەی سێیەمدا بە دەنگدان پەسەند بکرایە.
پەرلەمانی عێراق 3ـی حوزەیران، بە دەنگدان خشتەکانی یاسای بودجەی 2024ی پەسەند کرد، هەر ئەوکات ئەندامانی لیجنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایانگەیاندبوو، هەموارکردنەوەی خشتەکان پێویست بەوە ناکات خوێندنەوەی بۆ بکرێت، چونکە لە یاسای بودجە سێ ساڵییەکەدا ئاماژە بەوە کراوە بۆ ساڵەکانی 2024 و 2025 تەنها خشتەکان دەستکاری دەکرێن و دەقەکان وەکو خۆیان دەمێننەوە.