وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا: هەرکەسێک دان بە ماف و بوونی ئیسرائیلدا نەنێت، ڕەگەزنامەی نادرێتێ

ئەڵمانیا یاساکانی پێدانی ڕەگەزنامە توندتر دەکات و هەروەها ئەگەری هەیە لەسەر نووسینی کۆمێنتێک بیانییەکان دیپۆرت بکاتەوە.

نانسی فێزەر، وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا ڕایگەیاند، هەر کەسێک پشتیوانیی لە تیرۆر بکات، دیپۆرتی دەکەینەوە. ئاماژەی بەوەش دا، هەر کەسێک دژایەتی سامییەکان بکات و ڕەگەز پەرست بێت، زانیاری لەبارەی مێژووی ئەڵمانیا نەبێت و پشتیوانیی لە بوونی دەوڵەتی ئیسرائیل نەکات ڕەگەزنامەی نادرێتێ.

وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا دەڵێت، "هەر کەسێک پاسپۆرتی ئەڵمانیای نەبێت و پشتیوانیی لە تیرۆر بکات پێویستە دەربکرێت و دیپۆرت بکرێتەوە. دڵنیام حکوومەت لەوبارەیەوە گفتوگۆ دەکات و بەخێرایی ئەو هەموارە دەکاتە یاسا."

هەروەها پێدانی ڕەگەزنامەی ئەڵمانیامان سەختتر کردووە و هەر کەسێک دژایەتی سامییەکان بکات و ڕەگەزپەرست بێت، ڕەگەزنامە وەرناگرێت. دەشڵێت، "لە پەرلەمان یاساکەمان فراوانتر کردووە  زانیاریی لەبارەی مێژووی ئەڵمانیا و دانپێدانان بە مافی بوونی ئیسرائیل بەشێکە لێی."

لە پرۆژە یاسایەکی ئەڵمانیا کە پەنابەرانی عێراقی و سووری و ئەفغانیش دەگرێتەوە، ئەو کەسانەی لە ئەڵمانیا دەژین و لە ڕێگەی فەیسبووک و ئینستگرام و یوتیوب و تیکتۆک بە ڤیدیۆ، کۆمێنت یان لایک دەستخۆشی و پشتیوانیی لە کردەوە و بیری تیرۆریستی دەکەن، ڕەگەز نامەیان لێ وەردەگیرێتەوە.

Fly Erbil Advertisment