کەنەدا پاکێجێکی نوێی سزا بەسەر "دانیشتوانی توندڕەو"ی ئیسرائیلدا دەسەپێنێت

کەنەدا سەپاندنی پاکێجێکی نوێی سزا بەسەر "دانیشتوانانی توندڕەو"ی ئیسرائیلی ڕاگەیاند بەهۆی تێوەگلانیان لە ئەنجامدانی "کردەوەی توندوتیژی" دژی فەڵەستینییەکان لە کەناری ڕۆژئاوای داگیرکراو، داوای لە دەوڵەتی عیبری کرد، دەستوەردان بکات بۆ ڕاگرتنی ئەو تاوانانە.
حکوومەتی کەنەدا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، سزاکان حەوت کەس و پێنج لایەن دەگرێتەوە، ئەویش "بەهۆی ڕۆڵیان لە ئاسانکاری، پشتگیریکردن، یان بەشداریکردنی دارایی" لەم توندوتیژییەدا هەبووە.
لای خۆیانەوە بەریتانیا، فەرەنسا، یەکێتی ئەورووپا و ئەمەریکا پێشتر لە چەند مانگی ڕابردوودا ڕێوشوێنی هاوشێوەیان سەپاندووە.
میلانی جولی، وەزیری دەرەوەی کەنەدا نیگەرانی خۆی لەم توندوتیژییە دەربڕی و ئەم کردەوانەی ئیدانەکرد و داوای لە دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل کرد "پاراستن و ژیانی دانیشتوانی هاووڵاتیی مەدەنی مسۆگەر بکەن و لێپرسینەوە لە بەرپرسان بکەن" لەم تاوانانە.
لە نێو ئەو کەسانەی کە ئەم سزایانە گرتوویانەتەوە، بن زیۆن گۆپشتاین، هەیە کە نزیکە لە ئیتامار بن گڤیر، وەزیری ڕاستڕەوی توندڕەوی ئیسرائیل و دامەزرێنەری ڕێکخراوی باڵادەستی جوولەکەکانی لێهاڤا، کە ئۆتاواش سزای بەسەردا سەپاندووە.
هەروەها لە گەمارۆکان گروپی "گەنجانی گرد" کە بەبێ مۆڵەتی فەرمی ئیسرائیل بنکەی نیشتەجێبوون دادەمەزرێنن، ئەمە جگە لە دوو لە سەرکردەکانی ئەم گروپە بە ناوەکانی مئیر مردخای ئیتینگەر و ئەلیشا یەیرید.
هەروەها سزاکانی کەنەدا کۆمەڵەی "ئامانا"ی گرتەوە کە هەڵمەتی دروستکردنی شوێنی نیشتەجێبوون و بنکەی نیشتەجێبوون لە کەناری ڕۆژئاوای داگیرکراودا دەکەن.
سزاکان هەر جۆرە مامەڵەکردنێک لەگەڵ ئەو کەس و لایەنانەی کە دەیانگرێتەوە قەدەغە دەکەن، هەروەها ڕێگری دەکەن لە چوونە ناو خاکی کەنەدا.