نەبوونی خزمەتگوزاری لە سامەڕا هاووڵاتییانی بێزار کردووە

سامەڕا شارێکی مێژووی و شارستانی ئیسلامییە، یەکێکە لەو شوێنانەی لەلایەن ڕێکخراوی یونسکۆوە تۆمارکراوە. ئەمڕۆ دانیشتووانەکەی گیرۆدەی کەمی ئاوی خواردنەوە و خزمەتگوزارییەکانی دیکە بوون.
زۆرینەی شەقامەکانی سامەڕا قیرتاو نین، ئاوەڕۆی شارەکەی خراپە و دانیشتووانەکەی بێزارکردووە. ئەوە سەرباری بێکاربوونی زۆرینەی گەنجەکانی سامەڕا و بێبەشبوونیان لە هەلی کاری حکوومی و ئەهلی.
دیمەنەکەی وەک پێشتر سەرنجی خەڵکی ڕاناکێشێت، بەهۆی کەمی خزمەتگوزاری و بێبەشبوون لە شتە سەرەتاییەکان دەناڵێنێت. لەسەرووی هەموویانەوە قیرتاونەکردنی شەقامەکان، نەبوونی کارەبا و تەنانەت ئاوەڕۆش وەک پێویست نیین، ئەمەش زیانی بە دانیشتووانەکەی گەیاندووە.
هاووڵاتییەکی سامەڕا، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەمە شارێکی مێژووییە کە تەنانەت یونسێفیش گرنگی تایبەتی پیدەدات، نابێت دۆخی ئەم شارە ئاوا بەردەوام بێت، داوا لە سەرۆک وەزیران دەکەین بەپەلە چارەسەری قەیران یەک لەدوای یەکەکانی سامەڕا بکات
هاووڵاتییەکی دیکە گوتی، "ئەم شارە کێشەی کەمی خزمەتگوزارییەکانی هەیە، بەتایبەتی نەبوونی شەقامی قیرتاوکراو کە ساڵانێکە ئێمەی گیرۆدەکردووە. بودجەی بۆ تەرخانکراوە، باشە کوا دەرئەنجامی خەرجکردنی ئەو پارانە".
کێشەکان تەنها لە نەبوونی خزمەتگوزارییەکان کۆنەبوونەتەوە، چونکە بێکاری و نەبوونی هەلیکار یەکێکی دیکەیە لەو هۆکارانەی وای لەدانیشتووانی سامەڕا کردووە سکاڵای دۆخی خۆیان بکەن، قەیرانی ئابووریش لەو شارە پەرەی سەندووە.
هاووڵاتییەکی دیکەش دەڵێت، "کار لای ئێمە کەمە، ناتوانین بەم جۆرە ژیانە داخراوە هەلی کارکردنمان هەبێ. بەم دۆخەوە چۆن پێداویستی ماڵ و منداڵمان دابینبکەین، چۆن کرێ بدەین. ژیانی ئێرە زۆر قورسە و کاروبارمان بەتەواوی وەستاوە".
سەرباری ئەو بودجەیەی بۆ ئەم شارە مێژووییە تەرخان دەکرێت، نەبوونی خزمەتگوزاری یەکێکە لەسیما دیارەکانی بەتایبەتی نەبوونی شەقامی قیرکراو و خراپی ئاوەڕۆ.