پرۆسه‌ی ده‌نگدان بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆككۆماری ئێران ده‌ستی پێ كرد

پرۆسه‌ی ده‌نگدان بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆككۆماری نوێی ئه‌و وڵاته له ناوخۆ و ده‌ره‌وه ده‌ستی پێ كرد، هاوكات وه‌زیری ناوخۆی وڵاته‌كه ئاماژه به‌وه ده‌كات ئێرانییه‌كان سه‌رۆكێكی نوێی خۆیان له شوێنی سه‌رۆكه كۆچكردووهكهیان هه‌ڵده‌بژێرن.
ڕۆژی هه‌ینی 28ـی حوزه‌یرانی 2024، پرۆسه‌ی ده‌نگدان بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆككۆماری نوێی ئه‌و وڵاته له ناوخۆ و ده‌ره‌وه ده‌ستی پێ كرد.
له‌م باره‌وه ئه‌حمه‌د وه‌حیدی، وه‌زیری ناوخۆی ئێران به كه‌ناڵی ته‌له‌فزیۆنی فه‌رمی حكوومه‌تی وڵاته‌كه‌ی ڕایگه‌یاند، ئێرانییه‌كان سه‌رۆكێكی نوێی خۆیان له شوێنی ئیبراهیم ڕەئیسی، سه‌رۆكه كۆچكردووهكهیان هه‌ڵده‌بژێرن.
نزیكه‌ی 61 ملیۆن ده‌نگده‌ر مافی ده‌نگدانیان له هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆككۆماری ئێران هه‌یه. محەممەد ئیسلامیی، گوتەبێژی ناوەندیی هەڵبژاردنەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕایگەیاندووە، لە ناوخۆی ئێران 24 هەزار و 522 سدووقی دەنگدان لە ناوەندی شارەکان و 24 هەزار و 118 سندووقی دیکە لە گوندەکان دانراون کە بەسەر 43 هەزار و 425 ناوەندی جێگیری وەرگرتنی دەنگ دانراوە لەگەڵ 15 هەزار و 215 ناوەندی گەڕۆک دابەش بوون.
عەلیڕەزا مەحموودی بەرپرسی بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی پێشوەختەی سەرۆکایەتیی کۆماری ئێران لە دەرەوەی وڵات ڕایگەیاندووە، 340 سندووق بۆ دەنگی هاووڵاتییانی ئێرانی لە دەرەوەی وڵات تەرخانکراوە، لەوانە 23 سندووق لە شەش پارێزگای عێراق و هەرێمی کوردستان دادەنرێت.
هەروەها بە گوتەی محەممەد ئیسلامی لە دەرەوەی ئێران‌دا لە 100 وڵات پرۆسەکە بەڕێوە دەچێت و 340 بۆ دەنگدانی دەرەوەی وڵات کراوەتەوە لە نێویاند لە 17 ویلایەتی ئەمەریکا 30 ناوەندی دەنگدان بۆ بەشداربوونی ئێرانییەکانی ئەمەریکا هەن کە ڕۆژی هەینی هاوکات لەگەڵ خەڵکی ئێران دەتوانن دەنگ بدەن.
ڕۆژی 9ـی حوزەیرانی 2024، لە کۆی نزیکەی 80 کەسایەتی کە بۆ کاندیدابوون و کێبڕکێی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری نوێی ئێران خۆیان ناونووس کردبوو، وەزارەتی ناوخۆی ئێران ناوی کاندیدانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی وڵاتەکەی بڵاو کردەوە کە لە شەش کاندید پێک هاتبوون، ئه‌وانیش: مەسعوود پزشکیان، مستەفا پوورمحەممەدی، سەعید جەلیلی، عەلیڕەزا زاکانی، ئەمیرحسێن قازیزادە هاشمی، محەممەد باقر قالیباف.
لەگەڵ نزیکبوونەوەی ڕۆژی دەنگدان هەر یەک لە ئەمیر حسێن قازیزادە و عەلێڕەزا زاکانی لە ڕەوتی بناژۆخوازەکان لە کێبڕکێی هەڵبژاردنەکە کشانەوە و مەیدانەکەیان بۆ کاندیدەکانی ڕەوتەکە چۆڵکرد.
ئێستا چوار کاندید لە کێبڕکێ بەردەوامن، مەسعود پزیشکیان تاکە کاندیدی ڕیفۆرمخوازەکانە بەرانبەر بە هەریەک لە سەعید جەلیلی، محەمەدباقر قالیباف کاندیدانی بناژۆخوازەکان، هەرچی مستەفا پوورمحەممەدییە لە نێوان هەردوو ڕەوتەکە خۆی یەکلایی نەکردۆتەوە درێژە بە کێبڕکێی هەڵبژاردن دەدەن.
ئێوارەی ڕۆژی 19ـی ئایاری 2024، هێلیکۆپتەری ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆکی كۆچكردووی ئێران و یاوەرانی بەهۆی نالەباری کەشوهەواوە لە سنووری پارێزگای تەورێز کەوتە خوارەوە. دوای 18 کاتژمێر گەڕان، هێلیکۆپتەرەکە بە تێکشکاوی دۆزرایەوە و سەرجەم سەرنشینانی هێلیکۆپتەرەکە کە نۆ کەس بوون، مردن و دیارترینیشیان ڕه‌ئیسیی و حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران بوون.
دوای ئەو ڕووداوەش، عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران ڕایگەیاند، دوای گیان لەدەستدانی ڕەئیسی، محەمەد موخبیر، جێگری یەکەمی سەرۆککۆماری ئێران، ئیدارەی دەسەڵاتی جێبەجێکاری وڵات دەگرێتە ئەستۆ.