هۆشداری لە ژەهراویکردنی سەرچاوەکانی ئاوی خواردنەوەی بەغدا دەدرێت

K24 – هەولێر:
بەشێک لە میدیا عێراقییەکان بەڵگەنامەیەکی ئەمنییان بڵاوکردووەتەو کە ئاماژە بە هەوڵدان بۆ ژەهراوی کردنی سەرچاوەکانی ئاوی خواردنەوەی بەغدا دەدرێت.
بەپێی نووسراوەکە، بەشی هەواڵگری و ئاسایشی فەرماندەی ئۆپراسیۆنەکانی بەغدا ئاراستەی لایەنە ئەمنییە پەیوەندیدارەکانی کردووە، ئاشکرای کردووە، چەکدارانی داعش پلانی ژەهراوی کردنی سەرچاوەکانی ئاوی خواردنەوەیان لە وێستگەکانی پاڵاوتن داڕشتووە، بۆ ئەوەی زۆرترین هاووڵاتییان بکەنە ئامانج.
بەڵگەنامەکە ئەوەشی ڕوونکردووەتەوە، داعش کاری لەسەر گەشەپێدانی جۆرێکی دیاریکراوی ژەهر کردووە بۆ ئەو مەبەستە، بۆیە پێویستە هەموو ڕێکارێکی ئەمنی بگیرێتەبەر بۆ پاراستنی سەرچاوەکانی ئاوی خواردنەوە لە بەغدا.
بەشی هەواڵگری و ئاسایشی فەرماندەی ئۆپراسیۆنەکانی بەغدا داواشی کردووە: پاراستنی ئەمنی وێستگەکانی پاڵاوتنی ئاو توندتر بکرێت و کامێرای چاودێری لە وێستگە سەرەکییەکان دابنرێت، هاوکات جەختی لە بەدواداچوون و پێدانی زانیارییش کردووەتەوە.
تاوەکوو ئێستا هیچ لایەنێکی فەرمی لە حکوومەتی عێراق ڕوونکردنەوەی لەبارەی ڕاستی و دروستی ئەو زانیارییانە ڕانەگەیاندووە، لەگەڵ ئەوەشدا، بەڵگەنامە ئەمنییەکە جگە لە چاودێری ئەمنی بۆ پاراستنی وێستگەکانی پاڵاوتن و دابەشکردنی ئاوی خواردنەوە لە بەغدا، ئاماژەی بە پێویستی پشکنینی تاقیگەیی بۆ ئاوی خواردنەوەی بەغدا نەکردووە.
