کونسوڵی ئێران بۆ کوردستان24: پێشوازییەکی باش لە هەڵبژاردنەکە دەکرێت

K24 – هەولێر:
کونسوڵی گشتیی ئێران لە هەولێر ئاماژە بەوە دەکات، لە هەولێر تا ئێستە پێشوازییەکی باش لە هەڵبژاردنەکە کراوە و خەڵکێکی زۆر هاتوون دەنگی خۆیان داوە.
نەسروڵڵا ڕەشنوودی، کونسوڵی گشتیی ئێران لە هەولێر تایبەت بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ماوەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە ئێران دوو کاتژمێر درێژکراوەتەوە، ئەم درێژکردنەوەیەش بە هەمان شێوە لە هەرێمی کوردستانیش جێبەجێ دەکرێت.
کونسوڵی گشتیی ئێران لە هەولێر، دەڵێت: لە هەولێر تا ئێستە پێشوازییەکی باش لە هەڵبژاردنەکە کراوە و خەڵکێکی زۆر هاتوون دەنگی خۆیان داوە، گوتیشی: زیاتر لە 10 هەزار هاووڵاتی ئێرانی لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن.
ڕەشنوودی لەبارەی شێوازی دەرچوونی بەربژێرێک بۆ پۆستی سەرۆککۆماری ئێران، ڕوونیکردەوە، ئەگەر یەکێک لە بەربژێرەکان لە 1+50% بەدەست بێنێت هەر لەم خولە سەرۆککۆمار دیاری دەکرێت، ئەگەر ڕێژەی دەنگەکان کەمتر بێت لە 50% دەنگدانەکە دەچێتە گەڕی دووەم لە نێوان دوو بەربژێر بەردەوام دەبێت کە زۆرترین دەنگیان لە گەڕی یەکەم بەدەستهێنابێت. هاوکات گوتی: گەڕی دووەمی دەنگدانیش لە هەینی هەفتەی داهاتوو دەکرێت.
ناوبراو باسی لە پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان کرد و گوتی: ئێمە لەگەڵ هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی دێرین و زۆر باشمان هەیە، هەر بەربژێرێکیش بۆ پۆستی سەرۆککۆماری ئێران دەربچێت، بە هەمان شێوەی سەرۆکەکانی ڕابردوو پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان درێژە پێدەدات.