بایدن: ترەمپ پیاوێکی تاوانبارە

جۆ بایدن، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا
جۆ بایدن، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا

K24 – هەولێر:

سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، لە هەڵبژاردنی ئەم جارە سەردەکەوین. لەبارەی ترەمپەوە گوتی: ئەو پیاوێکی تاوانبارە و هەڕەشەیە لەسەر ئازادی و دیموکراسییەت.

جۆ بایدن، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، لەمیانەی پیشکەشکردنی وتارێک بۆ لایەنگرانی ئاماژەی بەوە دا، لەم هەڵبژاردنە سەردەکەوین و دەبێت دژی دیکتاتۆریەت بوەستینەوە.

سەرۆکی ئەمەریکا، دەڵێت: ئێستە ئابووری وڵاتەکەمان زۆر باشە و بەرەو باشتریشی دەبەین، ئێستە سەردەمی کۆرۆنا نەماوە ئابووریمان بەردەوامە لە گەشەسەندن، رێژەی بێکاریی لە وڵاتەکەمان زۆر کەم بووەتەوە.

هاوکات جەختی لەوە کردەوە، ڕاستە بە تەمەن گەنج نییە و ناتوانێت بە تەواوی لەسەر پێی خۆی بوەستێت و هاوشێوەی جاران بە تەواوی قسە بکات، بەڵام دەزانێت چۆن ڕاستییەکان بڵێت.

ناوبراو لەبارەی ترەمپەوە گوتی: ئەو پیاوێکی تاوانبارە و هەڕەشەیەکی ڕاستەقینەیە لەسەر ئەم نەتەوەیە، هەورەها هەڕەشەیە لەسەر ئازادی و دیموکراسییەت، ترەمپ ئەو شتە نازانێت کە ئێمە دەیزانین.

بایدنی ته‌مه‌ن 81 ساڵ و تره‌مپی ته‌مه‌ن 78 ساڵ لە ژێر فشاردان بۆ ئەوەی نیشان بدەن دەتوانن مامەڵە لەگەڵ پرسگەلێکی جۆراوجۆردا بکەن و خۆیان لە هەر چەواشەکارییەک لە گفتوگۆکەدا بەدوور بگرن، لە هەمان کاتدا هەوڵ دەدەن خاڵی دەستپێک بدۆزنەوە و لە کێبڕکێی نێوانیاندا پێشڕەوی بکەن، نه‌خاسمه‌ كه‌ ڕاپرسییه‌كان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن ده‌نگی هه‌ردووكیان له‌ یه‌كدی نزیكه‌.