ئەنجامە بەراییەکان: پزیشکیان پێشەنگی هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئێرانە

محسن ئیسلامی، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی ئێران، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ئەنجامی بەرایی چواردەمین خولی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی ڕایگەیاند.
ئاژانسی ئیرنا بڵاوی کردووەتەوە، کاتژمێری 6:53 خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ، شەممە 29ی حوزەیرانی 2024، محسن ئیسلامی، شەشەمین ئەنجامی بەرایی بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاندووە، ئەنجامە بەراییەکانی جیاکردنەوەی دەنگی 32 هەزار و 244 بنکە لە 375 شار کە 12 ملیۆن 58 هەزار و 843 کەس دەنگیانداوە لە نێوان چوار کاندیدەکە مەسعود پزیشکیان، کە کاندیدی ڕیفۆرمخوازەکانە، پێشەنگە.
دوا ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی پێشوەختەی سەرۆکایەتی کۆماری ئێران بەم شێوەیە:
مەسعود پزیشکیان - پێنج ملیۆن و 354 دەنگ
سەعید جەلیلی – چوار ملیۆن و 875 هەزار و 259 دەنگ
محەممەدباقری قالیباف – یەک ملیۆن و 420 هەزار و 628 دەنگ
مستەفا پوورمحەممەدی – 95 هەزار و 172 دەنگ
دوای کەوتنە خوارەوەی هێلیکۆپتەرەکەی ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆککۆماری کۆچکردووی ئێران و هاوەڵەکانی لە سنووری پارێزگای تەورێز لە 19ی ئایاری 2024، ئەمە سێیەمین هەڵبژاردنی پێشوەختەیە لە ئێران دەکرێت و بە گوێرەی داتاکانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی ئێران زیاتر لە 61 ملیۆن کەس لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان مافی دەنگدانیان هەبووە، بەڵام ئەو دەنگدانەی تاوەکوو ئێستا جیاکراوەتەوە و ئەنجامی بەرایی لەسەر ڕاگەیەندراوە تەنیا نزیکەی %20 کۆی دەنگدەرانە، لە کاتێکدا هێشتا ئاشکرا نەکراوە ڕێژەی دەنگدان چەند لە سەد بووە.