ئیسرائیل: نامانەوێت شەڕ لەگەڵ حزبوڵڵا بکەین

ئاژانسی هەواڵی ئەڵمانی بڵاوی کردەوە، یۆئاڤ گالانت، وەزیری بەرگری ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، ئیسرائیل نایەوێت شەڕ دژی حزبوڵڵا لە لوبنان بکات، بەڵام سوپای ئیسرائیل ئامادەیە بۆ شەڕ.
یوئاڤ گالانت لە سەردانەکەی دوێنێیدا بۆ لای هێزەکانی نزیک سنووری باکووری ئیسرائیل و لوبنان گوتی: "ئێمە کار لەسەر چارەیەکی سیاسی دەکەین"، ئەمە هەمیشە باشترین بژاردەیە، ئێمە بەدوای شەڕدا ناگەڕێین، بەڵام ئامادەین بۆ شەڕ".
ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەر حزبوڵڵا شەڕ هەڵبژێرێت، ئێمە دەزانین چی دەکەین، ئەگەر ئەوان ئاشتی هەڵبژێرن، ئێمە وەڵامی گونجاو دەدەینەوە".
لە سەرەتای شەڕی غەززەوە ڕۆژانە پێکدادان لە نێوان ئیسرائیل و حزبوڵڵا لە سەر سنووری ئیسرائیل و لوبنان ڕوو دەدات.
گرژییەکانی نێوانیان لەم دواییانەدا بە شێوەیەکی بەرچاو پەرەی سەندووە، زۆرێک لە وڵاتان داوایان لە هاووڵاتیانی خۆیان کردووە لوبنان بەجێ بهێڵن.
ترسی ئەوە هەیە شەڕێکی گەورە لە نێوان ئیسرائیل و لوبنان پەرە بسێنێت و ببێتە ململانێیەکی ناوچەیی کە ڕەنگە ئێران و ئەمەریکاش تێوە بگلێن.
نوێنەرایەتی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان ئەمڕۆ شەممە لە پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی ئێکس، هۆشداریی دا کە ئەگەر ئیسرائیل دەستدرێژیی سەربازی بەرفراوان دەست پێ بکات، ئەمە دەبێتە هۆی هەڵگیرساندنی شەڕێکی وێرانکەر.