سوید چه‌ندان پارچەزەوی ده‌فرۆشێت نرخی هه‌ر مه‌ترێك پاره‌ی كوپێك قاوه‌یه‌

دیمه‌نێك له‌ شاری ئوتنا
دیمه‌نێك له‌ شاری ئوتنا

به‌رپرسانی شارێكی سوید چه‌ندان پارچه‌ زه‌وی بۆ فرۆشتن ده‌خه‌نه‌ ڕوو كه‌ نرخی هه‌ر مه‌ترێكی پاره‌ی كوپێك قاوه‌یه‌ و له‌ چه‌ند سه‌نتێكی ئه‌مه‌ریكی تێپه‌ڕ ناكات.

تۆڕی هه‌واڵی (سی ئێن ئێن)ـی ئەمریکی لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە، شاره‌وانی شاری ئوتنا کە 200 میل لە باشووری ڕۆژئاوای ستۆکهۆڵمی پایتەختی سویده‌وه‌ دووره‌، بڕیاری داوە 29 پارچە زەوی بفرۆشێت كه‌ نرخه‌كه‌یان پاره‌ی كوپێك قاوه‌یه‌ و لە یەک کرۆنی سویدی واته‌ 9 سەنتی ئەمه‌ریکی بۆ هەر مەتر چوارگۆشەیەک دەست پێ دەکات.

كڕیاران ده‌توانن خانوو له‌سه‌ر ئه‌م زه‌وییانه‌ دروست بكه‌ن و تێیدا بمێننه‌وه‌، كه‌ مه‌رج نییه‌ دانیشتووی ڕه‌سه‌نی سوید بن یان په‌ناهه‌نده‌ی ئه‌و وڵاته‌ بن.

شاری ئوتنا ناوچەیەکی گوندنشینە و نزیکەی پێنج هەزار کەس لە شارۆچکە سەرەکییەکەیدا و 13 هەزار کەسیش لە ناوه‌ندیی شارەکەدا نیشته‌جێن و دەکەوێتە کەناری دەریاچەی ڤانێرن کە گەورەترین دەریاچەی وڵاتانی ئه‌سکاندیناڤیایە.

یۆهان مانسۆن، سەرۆکی شارەوانی ئوتنا ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووه‌، هۆكاری فرۆشتنی ئه‌و زه‌وییانه‌ بۆ لایه‌نی ئابووریی سوید و دواتر کەمبوونەوەی ژمارەی دانیشتووانی گوندەکان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.

مانسۆن گوتوویه‌تی، بازاڕی خانووبەرە لە سوید زۆر سست بووە، بەهۆی بەرزی ڕێژەی سوود و کەمێک پاشەکشە، بۆیە مه‌به‌ستیانه‌ له‌م ڕێگه‌یه‌وه‌ بازاڕی كڕین و فرۆشتنی خانووبه‌ره‌ ببوژێننه‌وه‌. سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ش ڕاكێشاوه‌، كه‌ ڕێژه‌ی كه‌می له‌دایكبوون و به‌رزبوونه‌وه‌ی ژماره‌ و ڕێژه‌ی پیری، یه‌كێكی دیكه‌یه‌ له‌ هۆكاره‌كانی ئه‌م ده‌ستپێشخه‌رییه‌.

Fly Erbil Advertisment