سایلۆی قوشتەپە توانای ئەمبارکردنی 40 هەزار تۆن گەنمی هەیە

سایلۆی قوشتەپە کە توانای ئەمبارکردنی ئەمبارکردنی 40 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەیە، رۆژی 25ـی حوزەیران لەلایەن سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی کرایەوە.
سایلۆی قوشتەپە یەکێکە لە سایلۆ نوێیەکان کە بە 21 ملیار و 276 ملیۆن دینار دروست کراوە و توانای ئەمبارکردنی 40 هەزار تۆن گەنمی هەیە.
فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردووەتەوە، لەئەمساڵدا سایلۆکە گەنمی جووتیارانی شەمامک، سێگردکان و بالیسان وەردەگرێت.
ئیسماعیل ئەحمەد، بەڕێوەبەری سایلۆی قوشتەپە ڕایگەیاندووە، ئەم سایلۆیە توانای کۆگاکردنی 40 هەزار تۆن گەنمی هەیە و لە 11 بەش پێک دێت، هاوکات 16 کۆگای هەیە، هەر کۆگایەکیش توانای وەرگرتنی دوو هەزار و 500 تۆن گەنمی هەیە، پرۆژەی سایلۆکە ئاسانکاریی بۆ جووتیاران کردووە، بەشیوەیەک بە یەک ڕۆژ گەنمەکانیان لێ وەردەگیرێت"
سایلۆی قوشتەپە لە 25ـی حوزەیرانی 2024 لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرایەوە، بە دروستکردنی بووەتە پشتگیرییەکی باش بۆ جووتیارانی ناوچەکە و کەمکردنەوەی فشار لەسەر سایلۆکانی دیکەی هەولێر.
لە کابینەی نۆیەمدا سایلۆکانی کەلار، بەردەرەش و قوشتەپە دروست کران کە توانای کۆگاکردنی 120 هەزار تۆن گەنمیان هەیە، هاوکات سایلۆی هەڵەبجەش لە دروستکردندایە و لە ئاییندەدا دەچێتە خزمەت جووتیاران، کۆی تێچووی سایلۆکان گەیشتووەتە 85 ملیار دینار.
حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامە لە خزمەتکردنی جوتیاران و بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری و دروستکردنی سایلۆی گەورە بۆ بەبازاڕکردنی گەنمی جووتیاران.