نزار حەیدەر: پێشبینی دەکرێت سیاسەتی ئەمەریکا بەرانبەر عێراق توندتر بێت

K24 – هەولێر:
بەڕێوەبەری سەنتەری ڕاگەیاندنی عێراقی لە واشنتن، ئاماژە بەوە دەکات، حکوومەتی سوودانی بەرانبەر ئەمەریکا پابەندی بەڵێنەکانی نەبووە، ئەمەش وادەکات سیاسەتی ئەمەریکا بەرانبەر عێراق توندتر بێت.
نزار حەیدەر، بەڕێوەبەری سەنتەری ڕاگەیاندنی عێراقی لە واشنتن، لەمیانەی بەشداریی لە گەشتی دواهەواڵی کاتژمێر 23ـی کوردستان24 ڕایگەیاند، کۆمارییەکان و دیموکراتەکان لە کۆنگرێسی ئەمەریکا کۆکن لەسەر ئەو سیاستە گشتییانەی کە ئیدارەی ئەمەریکا دەیەوێت لە عێراق جێبەجێی بکات.
بەڕێوەبەری سەنتەری ڕاگەیاندنی عێراقی لە واشنت، پێی وایە، ئەگەر ئیدارەی ئێستای ئەمەریکا بەردەوام بێت لە دەسەڵات لە کۆشکی سپی، ئامرازەکانی جێبەجێکردنی سیاسەتی خۆی لە عێراق توندتر دەکات و سیاسەتێکی بەهێزتری دەبێت لە چاو پێشوو.
ناوبراو ئاماژەی بەوە دا، سوودانی و حکوومەتەکەی تاوەکوو ئێستە نەیانتوانیوە پابەندی زۆرێک لەو بەڵێنانە بن کە بە ئەمەریکایان داوە، بەر لە هەموویان پاراستنی دامەزراوە بیانییەکان بە تایبەت ئەمەریکییەکان.
جەختی لەوە کردەوە، عێراق ئەو گرنگییەی جارانی نەماوە کە کاری لە پێشینەی ئەمەریکا بێت، ئەگەر ئیدارەی ئەمەریکاش بگۆڕێت عێراق هەر نابێتە کاری لە پێشینەی ئەمەریکا.
لەبارەی دەرچوونی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق، نزار حەیدەر، گوتی: هیچ کەسێک تەنانەت حکوومەتی عێراقیش باسی لە دەرچوونی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق ناکات، بەڵکو داوا دەکرێت شێواز و سروشتی مانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراقدا بگۆڕدرێت.