ئیسرائیل.. پارتی لیکود بڕیارەکانی دادگەی لاهای قبووڵ ناکات

کەناڵی 12ی عیبری بڵاوی کردووەتەوە، ڕەشنووسی یاسایەک لەناو پارتی لیکودی ئیسرائیل بەسەرۆکایەتی بنیامین ناتانیاهۆ، دەرچووە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر بڕیارێک کە دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان دژی هەر بەرپرسێکی ئیسرائیلی دەری دەکات.
بەپێی هەواڵی کەناڵەکە، بڕگەیەکی گرنگ لە ڕەشنووسی یاساکەدا هەیە، ئەویش "حکوومەت کار بۆ ئازادکردنی هەر کەسێک دەکات کە لەلایەن دادگاوە دەستگیر بکرێت، بەهەموو ڕێگەیەکی گونجاو، تەنانەت بە بەکارهێنانی توندوتیژی یان هەندێک شێوازی سەربازی".
بەگوێرەی ئەو پێشنیازە، چالاکییەکانی دادگا لە فەڵەستین و هەموو هاوکارییەکانی دامودەزگاکانی دەوڵەت، جا چ وەزیرەکانی دەسەڵاتی دادوەری، دادگەکەن، یان هەر لایەنێکی دیکەی لەگەڵیان بێت، قەدەغە دەبێت، و دەبێت بە ڕەزامەندی بەرپرسێک بێت، کە لەلایەن وەزیری دادەوە دەسەڵاتی پێ دراوە .
بەگوێرەی کەناڵی عیبری، لە پێشنیازەکەدا هاتووە: ڕێگریی بکرێت لە هاتنی تیمەکانی دادگا بۆ ناو ئیسرائیل و قەدەغەکردنی هەموو تاک و ڕێکخراوەکان و دامەزراوە فەرمییەکان بۆ ئەوەی نەتوانن زانیاری کۆبکەنەوە. هەروەها جەخت لەوەش کراوەتەوە، هەر کەسێک سەرپێچی بکات، سزای دارایی بەسەردا دەسەپێنرێت.
تەلئەڤیڤ، لە نیگەرانیدایە و چاوەڕێی ئەوە دەکات دادگەی لاهای بڕیاری چی دەدات، لەسەر فەرمانی دەستگیرکردن دژی نەتانیاهۆ و وەزیری بەرگری یۆاڤ گالانت.
لەو چوارچێوەیەدا، ڕۆژنامەی یەدیۆس ئەهرۆنۆت ڕایگەیاندووە، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل پێشبینی دەکات دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان پێش 24ـی تەمموزی 2024 دوو فەرمانی دەستگیرکردن لە دژی ئەو و یۆئاڤ گالانت، وەزیری بەرگری دەربکات.
ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەداوە کە ناتانیاهۆ، لە یەکێک لە کۆبوونەوەکاندا گفتوگۆی کردووە سەبارەت بە ئەگەری ئەوەی دادگا وەڵامی داواکاریی کەریم خان، داواکاری گشتییەکەی بداتەوە و بەم نزیکانە فەرمانی دەستگیرکردن لە دژی خۆی و گالانت دەربکات.
کەریم خان، داواکاری گشتی دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان، لە 20ـی ئایاری ڕابردوودا داوای دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردن لە دژی ناتانیاهۆ و گالانت کردبوو، بەهۆی بەرپرسیارێتییان لە "تاوانەکانی جەنگ" و "تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتی" لە کەرتی غەززەوە لە 7ـی ئۆکتۆبەرەوە، 2023.