کۆنگرێسمانێکی ئەمەریکا عێراقییەکان توڕە دەکات

وەزارەتی دەرەوەی عێراق، ئیدانەی ئەو هێرشەی کرد کە کراوەتە سەر سەرۆکی دادوەری عێراق، فایەق زێدان، ئەوەش دوای ئەوەی نوێنەرێکی پارتی کۆمارییەکانی ئەمەریکا ڕەشنووسی پرۆژە یاسایەکی پێشکەش کردووە و فایەق زێدانی تۆمەتباری کرد بە "خزمەتکردنی بەرژەوەندییەکانی ئێران".

ڕۆژنامەی "بیکۆن فریی" بڵاوی کردەوە، مایک واڵتز، ئەندامی لیژنەکانی هێزە چەکدارەکان و کاروباری دەرەوە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا، ڕایگەیاندبوو، هەموارکردنەوەی پرۆژە یاسایەک پێشکەش دەکات تایبەت بە سەروەت و سامانی بیانی، کە دادوەر زێدان دەگرێتەوە و لە ڕیزی ئەو کەسایەتیانە دادەنێت کە کار بۆ خزمەتکردنی بەرژەوەندییەکانی ئێران دەکات.

لەو بارەوە وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند، لێدوانەکانی واڵتز دژی سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەری فایەق زێدان، "دەستوەردانێکی ئاشکرایە لە کاروباری عێراقدا".

لە بەرامبەردا موحسین مەندەلاوی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران بە وەکالەت دەڵێت: "پڕۆژەکەی واڵتز کاریگەریی لەسەر سەرۆکی دادوەری هەیە و پێشینەیەکی مەترسیدارە".

ئەندامی پێشووی کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤ، عەلی بەیاتی، پێشبینی کرد "ڕەشنووسی یاساکە عێراق لە ئاستی نێودەوڵەتیدا گۆشەگیر دەکات، هەروەکو سیاسەتەکانی ڕژێمی سەدام حوسێن عێراقیان گۆشەگیر کردبوو".

Fly Erbil Advertisment