شەڕی حزبوڵلا و ئیسرائیل تەقینەوەی گڕکانە گەورەکە

بەهۆی مەترسیی هەڵگیرسانی شەڕێکی فراوان لەنێوان حزبوڵلا و ئیسرائیل وڵاتانی جیهان یەک لەدوای یەک هاووڵاتیەکانیان لە لوبنان دەبەنە دەرەوە.

هاوکات، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل پەیامی توندی ئاڕاستەی حزبوڵلا کرد و ڕایگەیاند، ئەگەر دەست بەهێرش بۆسەر حزبوڵلا بکەن بەهەموو توانایانەوە سەرکوتیان دەکەن.

ئاژانسی هەواڵی لوبنانیش ئاشکرای کردووە، شەوی ڕابردوو فڕۆکەجەنگییەکانی ئیسرائیل بە ئاسمانی لوبناندا سوڕاونەتەوە.

هەڕەشەکانی حزبوڵلا و ئیسرائیل نزیکن لەوەی بگۆڕدرێن بۆ ڕاستی، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیلیش هەڕەشەی ئەوە دەکات لە ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕی فراوان، بە هەموو هێزیانەوە لە حزبوڵلا دەدەن .

ئاژانسی هەواڵی لوبنانی ڕایگەیاند، شەوی ڕابردوو فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بەسەر زۆرینەی ناوچەکانی لوبناندا فڕیون و شوێنی بنکەکانی حزبوڵلایان هەڵگرتووە.

ئیسرائیل سوورە لەسەر ئەوەی شەڕی دژی حزبوڵلا ناوێت، بەڵام ئەگەر ڕووبدات بەهەموو هێزیانەوە شەڕدەکەن. لەوبارەیەوە ئیسرائیل گاتز، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ڕایگەیاند، ئەگەر حزبوڵلا بوێری ئەوە بکات شەڕی فراوانیان دژ هەڵگیرسێنێت، ئەوە ئامادەن و بەهەموو توانایانەوە لەو گروپە دەدەن.

بەرپرسانی ئیسرائیل سوورن لەسەر دوورخستنەوەی هەڕەشەکانی حزبوڵلا لە سنوورەکانی باکووری وڵاتەکەیان، هەروەها گەڕاندنەوەی ئەو جووانەی لە 7ـی ئۆکتۆبەرەوە بەهۆی هەڕەشەکانی حزبوڵلا ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێهێشتووە جا بە چارەی سیاسی بێت یاخود بەشەڕ.

مەترسی فراوانبوونی شەڕی ئیسرائیل و حزبوڵلا بەجۆرێک فراوان بووە کە هێزی ئاشتی پارێزی نەتەوەیەکگرتووەکان لەسەر سنووری ئیسرائیل و لوبنان کە بە یونیفێل ناسراون هۆشداریی دەدەن لە لەکۆنترۆڵ دەرچوونی دۆخەکە.

وڵاتانی جیهانیش یەک لەدوای یەک لەژێر ڕۆشنایی ئەو دۆخە ئەمنییەی لوبنانی گرتووەتە داوا لە هاووڵاتییەکانیان دەکەن ئەو وڵاتە بەجێ بهێڵن. کە دواترینیان سعوودیەیە.

هەوڵە دیپلۆماسییەکانیش بۆ ڕێگریی لەو شەڕە، بەردەوامە و دواین هەوڵیش پەیوەندیکردنی ئانالێنا بێربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا بە عەلی باقری کەنی وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ ڕێگریی لە فراوانبوونی شەڕی حزبوڵلا و لوبنان.

لە7ـی ئۆکتۆبەری رابردووەوە ئیسرائیل و حزبوڵلا بەردەوام پێکدادانی سنوورداریان هەبووە، بەڵام ئێستە مەترسیی هەیە ئەو پێکدادانە بۆ شەڕی فراوان بگۆڕدرێن، لە وەها دۆخێکیشدا گروپەکانی بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق، یەمەن و سووریا هەڕەشەی چوونە شەڕی ڕاستەوخۆ دژی ئیسرائیل و پاڵپشتیکردن لە حزبوڵلا دەکەن.

Fly Erbil Advertisment