وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار یەکەم کۆنفرانسی نەخشەدانانی ئاوەدانی ساز دەکات
ساسان عەونی: ئامانجێکی کۆنفرانسەکە پێشخستن و ڕێکخستنەوەی شارو شارۆچکەکانە

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، یەکەمین کۆنفرانسی نەخشەدانانی ئاوەدانی ساز دەکات و لە گوتاری کردنەوەی کۆنفرانسەکەشدا، وەزیری شارەوانی ڕایگەیاند، کۆنفرانسەکە ئامانجگەلێکی هەیە، لەنێویاندا پێشخستن و ڕێکخستنەوەی شارو شارۆچکەکانە بەگوێرەی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان.
ساسان عەونی وەزیری شارەوانیی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان لە یەکەم کۆنفرانسی نەخشەدانانی ئاوەدانی گوتی: ئەمە یەکەمین کۆنفرانسی نەخشەدانانی ئاوەدانییە بۆ بایەخدانی زیاتر بە کەرتێکی گرنگی وەزارەتی شارەوانی، کە نەخشەدانانی ئاوەدانییە؛ ئەمەش بەشێکە لە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و دیدگەی سەرۆکوەزیران، مەسرور بارزانی کە جەختی لەسەر نەخشەسازی و پلانسازییەکان کردووەتەوە وەک فاکتەرێکی ڕێکخستنەوەی شارو شارۆچکەکان و دابینکردنی کەشێکی شیاو بەگوێرەی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان بۆ ژیان لە ئێستا و نەوەکانی داهاتوومان.
هەروا گوتیشی: ئەمە چوارەمین کۆنفرانسی تایبەتی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارە بۆ کەرتە گرنگەکانی وەزارەتی ساز دەدرێت. پێشتر، کۆنفرانسی ڕێکخستنەوەی داهات، کۆنفرانسی شوێنەوار، کۆنفرانسی هەڵسانەوەی گەشتوگوزار لە دوای کۆرۆنا ساز کراوە. هەروەها ئەم کۆنفرانسەی نەخشەدانانی ئاوەدانی هەوڵ و کۆشش و شەونخونی پێنج ساڵەی شارەزایانی ئەم بوارە سەرچاوەی گرتووە لە پێناو پەرەپێدانی زیاتری نەخشەدانانی ئاوەدانی.
ڕاشیگەیاند، ئامانجەکانی ئەم کۆنفرانسە، گفتوگۆ و گەڵاڵەکردنی بابەتە پلانسازییەکان و کاریگەری ئەو بابەتانەیە لەسەر پێشخستن و ڕێکخستنی شارو شارۆچکەکان. بەتایبەتیش جەختکردنەوە، بایەخدان بەبابەتی گەشەپێدانی بەردەوام و هەوڵدان بۆ پیادەکردنی چەمکەکانی بەردەوامبوون کە لە جیهاندا پیادە دەکرێت.
هەروەها ئاماژەی دا، ئامانجێکی تری کۆنفرانسەکە بایەخدانە بە کارکردن بە فەرهەنگ و ناسنامەی میللیی و نیشتمانی و تێکەڵکردنی لەگەڵ قوتابخانە باوەکانی تەلارسازی و نەخشەدانان، لەگەڵ پاراستنی هێما و سیمای بەکارهاتووی نەوەکانی پێش ئێمە، لە بواری دروستکرندی کۆشک و خانووەکان و دووبارە بەکارهێنانەوەی. وێڕای پێناسەکردنی تەلارسازی و بەرزکردنەوەی ئاستی دیزاینی بیناسازی پرۆژەکان و چەسپاندنی بنەماکانی سەلامەتیی و تەندروستی گشتیی لە ڕووی ستاندارد بەپێی تایبەتمەندییەکانی ناوچەکە.
ساسان عەونی گوتیشی: لەم کۆنفرانسەدا، کاری زیاتر دەکرێت بۆ ئاشناکردنی ڕای گشتی و کەرتەکانی گشتی و تایبەتە سەبارەت بە گرنگی و ڕۆڵی نەخشەدانانی ئاوەدانییە لە گشت بوارەکانە. لەگەڵ وەرگرتنی ڕاسپاردە و پێشنیازی پسپۆڕانی بوارەکەیە بۆ پێشخستنی نەخشەدانانی ئاوەدانیی لە هەرێمی کوردستان.