پرۆژەی پردی تووەقوت دەستی پێ کردووە

دوای ئەوەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردی بناغەی پرۆژەی پردی تووەقوتی لە پارێزگای هەڵەبجە دانا کە ئیدارەی گەرمیان و پارێزگای هەڵەبجە بەیەکەوە دەبەستێتەوە، ئێستە پرۆژەکە دەستی پێ کردووە.

بەڕێوەبەری جێبەجێکاری پرۆژەکەش دەڵێت پێش ئەو وادەیەی دەستنیشان کراوە هەوڵ دەین پرۆژەکە تەواو بکەین، هاوکات پرۆژەکە بە گوژمەی 30 ملیار و 345 ملیۆن دینار، ماوەی تەواوبوونی پرۆژەکە 720 ڕۆژ دەخایەنێت. هاووڵاتییانیش خۆشحاڵن کە ئەم جارە چاوەڕوانیان بۆ تەواوبوونی پرۆژەکە کۆتایی دێت.

 بڕیارە پێش ئەو ماوەیەی بۆ تەواوکردنی پردەکە دیاری کراوە، ڕێگەیەکی و بیست و حەوت کیلۆمەتری قیرتاو بکرێت. ئامانج لە دانانی بەردی بناغەی پرۆژەکە بۆ ئەم جارە لەلایان سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە بۆئەوەیە خۆی چاودێریی پرۆژەکە بکات تا تەواوبوونی؛ چونکە دوو جاری دیکە بەردی بناغەی ئەم پرۆژەیە دانراوەو تەواو نەکراوە.

محەمەد تاهیر، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری پڕۆژەکە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، پڕۆژەکە زووتر لە کاتی خۆیدا تەواو دەکرێت و بریتییە لە 27 کیلۆمەتر شەقام و پردەکەش کە درێژییەکەی 360 مەترە، ئێستە هەشت کیلۆمەتری یەکەممان تەواو کردووە، لەم چەند ڕۆژەی داهاتووشدا 19 کیلۆ مەتری دیکە دیزاینەکەی تەواو دەبێت و دەست دەکەین بە کارکردنی؛ لەبەر ئەوەی ئاستی ئاوی دەربەندیخان زۆر بەرزە، لەگەڵ بەنداوی دەربەندیخاندا پەیوەندیمان هەیە، کە ڕەنگە بۆ یەکی ئەیلوولی ئەمساڵ ئاستی ئاوەکە دابەزێت و دەست دەکەین بە دروستکردنی پردەکە.

پرۆژەی پردی تووەقوت جیا لەوەی گەرمیان و پارێزگای هەڵەبجە بەیەکەوە دەبەستێت و ڕێگەی نێوان گەرمیان و دەربەندیخان و پارێزگای هەڵبجە نزیك دەکاتەوە. هاوکات، دەبێتە هۆی گەشەسەندنی زیاتری کەرتی کشتوکاڵ و گەشتیاری و بازرگانی، دانیشتوانی سنوورەكەش خۆشحاڵن و گەشبینن پرۆژەكە لەكاتی دیاریكراودا تەواوبێت و بكەوێتە خزمەتی خەڵك.

لای خۆیەوە هاووڵاتی تاهیر تۆفیق، دەڵێت: "ئەم پرۆژەیە دەبێتە ڕێگەکەی ستراتیجیی بۆ شەمێرانییەکان و بۆ گەشتیار و بۆ دەربەندیخان و ئەم سنوورەش، داوا دەکەین بەبێ هیچ کێشەیەک ئەم پردە دروست بکرێت و بەناوی دانیشتوانی ئەم ناوچەیەشەوە سوپاسی سەرۆکی حکوومەت دەکەین و سوپاسی هەموو ئەوانەش دەکەین کە خەریکی جێبەجێ کردنی ئەم پڕۆژەیەن".