ئەگەری دەست لەکارکشاندنەوەی سێ وەزیری تورکیا هەیە

فەخرەدین کۆجا وەزیری تەندروستی تورکیا
فەخرەدین کۆجا وەزیری تەندروستی تورکیا

گۆڕانەکانی پێکهاتە وەزارەییەکانی کابینەی حکوومەتی تورکیا بەردەوامە و دەنگۆی گۆڕینی سێ وەزیری دیکە لە ئارادایە.

ڕۆژنامەی سۆزجوی نزیک لە ئۆپۆزسیۆنی تورکیا، بڵاوی کردووتەوە، فەخرەدین کۆجا، وەزیری تەندروستی تورکیا کە پێشتر نامەی دەست لەکارکێشانەوەی پێشکەش کردبوو، ڕژدە لەسەر بڕیارەکەی و پاشگەز نابێتەوە. هەربۆیە پێشبینی دەکرێت شوعەیب بیرینجی، جێگری وەزیری تەندروستی لەم قۆناغەدا بخرێتە شوێنەکەی کۆجا.

هەر بەگوێرە زانیارییەکانی ڕۆژنامەکە، جگە لە کۆجا، بڕیارە گۆڕانکارییەکی گشتگیر لە کابینەی حکوومەتی تورکیا بکرێت. هاوکات، چاوەڕی دەکرێت هەر یەکە ڤێدات ئشکهان، وەزیری کار، محەمەد نووری ئەرسۆی، وەزیری فەرهەنگ و گەشتیاریی لەگەڵ عومەر بۆلات، وەزیری بازرگانیی تورکیا بگۆڕدرێن. جگە لەوان، دوو  وەزیری گەنجی کابینەکەی ئەردۆغان تۆمەتبار دەکرێن بەوەی هەوڵی کەسیی دەدەن بۆ ئایندەی سیاسیی خۆیان.

فەخرەدین کۆجا، کە لە ساڵی 2018ـەوە وەزیری تەندروستی تورکیایە و پرسی دەست لەکارکشاندنەوەکەشی لە تەوەرکانی کۆبوونەوەی حکوومەتە، لە کاتێکدا چەند پرسێکی ڕیشەیی لە کەرتی تەندروستی هەن و چارە نەکراون؛ لەوانە، کاریگەرییەکانی لێکەوتەی پەتای کۆرۆنا، کێشە خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان، کۆچی پزیشکانی تورکیا بۆ دەرەوەی وڵاتەکە و نەبوونی پلانی دامەزراندنی پزیشک و کارمەندانی کەرتی تەندروستی. ئەمانەش  بوونە هۆی ئەوەی فەخرەدین کۆجا لە ساڵەکانی 2021 و 2023 نامەی دەست لەکارکشاندنەوە بداتە حکوومەت. بەڵام، ئەمجارەیان بڕیاری دەست لەکارکشاندنەوەی کۆجا زۆر جیاوازە، چونکە لە سەرەتای ئەم مانگە فەخرەدین کۆجا لە میانەی چالاکیی کۆبوونەوەیەکی ئاکپارتی لەبەردەم ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لەگەڵ ژمارەیەک پەرلەمان لەسەر خراپیی سیستمی تەندروستی بووەتە مشتومڕیان و کۆجا، لەلایەن پەرلەمانتارەکانەوە بە بێتوانا لە ڕێکخستنەوەی کەرتی تەندروستی تۆمەتبار کراوە، ئەمەش وایکردووە لە بڕیاری دەست لەکارکشاندنەوە ڕژدتر بێت.