سەدان هێکتار دارستانەکانی ئیزمیر سووتان
دوو ڕۆژە سووتانی دارستانەکانی تورکیا بەردەوامە و وەزیری کشتوکاڵ و دارستانەکانی وڵاتەکەش دەڵێ: ئاگرەکانی پارێزگای ئیزمیر کۆنترۆڵ کراون.
لە شەممەوە 29ی حوزەیرانی 2024، ئاگر لە دارستانەکانی شارۆچکەی سەلچووک و مەندەرەس لە ئیزمیر و شارۆچکەی سوسورلووک لە بالیکئەسیر لەگەڵ نیمچە دوورگەی کوشئاداسی کەوتووەتەوە و چەندین تیمی بەرگری شارستانی لە زەویی ئاسمانەوە سەرقاڵی کوژاندنەوەی بوون.
مێدیای تورکیا بڵاویان کردووتەوە، تیمەکانی بەرگریی شارستانی و چەندین تیمی دیکە لە شەوی ڕابردووەوە سەرقاڵی کۆنترۆڵکردن و کوژاندنەوەی ئاگرەکەن، بە هەوڵی هەموو لایەک توانراوە کۆتایی بە مەترسییەکانی تەشەنەسەندنی ئاگرەکە بێنن.
لەم بارەوە ئیبراهیم یوماکلی، وەزیری دارستان و کشتوکاڵی تورکیا ڕایگەیاندووە، هۆی ئاگرکەوتنەوەکان نەزانراوە، بەڵام لێکۆڵینەوە دەکەن، چونکە ئەمە چەندەمین جارە لە مانگی حوزەیرانەوە لە پارێزگاکانی تورکیا ئاگر لە دارستان و شوێنە جیاجیاکان دەکەوێتەوە.
یوماکلی جەختیشی لەوەکردەوە، ئاگرەکانی پارێزگای ئیزمیر کۆنترۆڵکراون، هیچ شوێنێکی نیشتەجێبوون لە مەترسیدا نین، هەوڵ دەدەن بە زووترین کات ئاگرەکان بکوژێننەوە.بەگوێرەی ئاژانسی فەرمی تورکیا، هیچ زیانێکی گیانی و ماددی تۆمار نەکراوە.
وەزیری کشتوکاڵ و دارستانەکانی تورکیا ڕاشیگەیاند، شەش ئاگرکەوتنەوە لە ئیزمیر تۆمارکراوە، یەکێکیان لە ناوچەی چێشمێ بووە، بەهۆی جگەرەوە بووە و تۆمەتبارەکەش دەستگیر کراوە، هەرچەندە ئاگرەکانی مێندێرێس و سەلچوک کۆنترۆڵکراون، بەڵام 500 هێکتار زەوی بە تەواوی سووتاوە و دوای تەواوکردنی لێکۆڵینەوەکان و ڕووپێوکارییەکان ڕووبەری تەواوی ئاگرکەوتنەوەکە بە زیانەکانەوە بڵاو دەکەینەوە.