بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر: ملیار و نیوێک دینار پارەی گەنمی جووتیاران گەیشتووە

میران بەختیار، بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر
میران بەختیار، بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر

بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر ئاشکرای دەکات، ملیار و نیوێک دیناری پارەی گەنمی جووتیاران گەیشتووە و ئەمڕۆ ڕێکارەکانی ناردنی 12 ملیار و نیوی دیکەش تەواو دەبێ و دەگاتە بانکی بەحرکە.

یەکشەممە (30ـی حوزەیرانی 2024)، بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر، میران بەختیار بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، پرۆسەی دابەشکردنی پارەی گەنمی جووتیاران لە قەزای قوشتەپە دەستپێدەکات کە یەکەم ناوەند بوو بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیاران لە زنجیرەی یەک تاوەکو زنجیرەی حەفتا، گوتی، ئێستا ملیار و نیوێک دینار لە بانک هەیە بۆ دابەشکردن بەسەر ئەو جووتیارانە گەنمەکانیان ڕادەست کردووە، هاوکات 12 ملیار و نیو دیناری دیکەش ئەمڕۆ ڕێکارەکانی ناردنی لە بانکی ڕافدەین بۆ بانکی بەحرکە تەواو دەبێت، دواتر ڕایدەگەیەنین و بەرچاوڕوونی دەدەینە جووتیاران.

بەڕێوبەری سایلۆی هەولێر ئاماژەی بەوە کرد کە، کۆی پارەکە 14 ملیار دینارە و تەواوی دابەشی سەر جووتیاران دەکرێت، بەوشێوەیە پرۆسەکە دەڕوا و پێشتر پارەکە بۆ جووتیاران دەنێردرێت، دەشڵێت،هۆکارەکانی پەیوەندیی بەکار دێنین بۆ ئاگادار کردنەوەی جووتیاران.

میران بەختیار ڕایگەیاند، بڕی ئەو گەنمەی  کە پێویستە وەربگیرێت لە هەولێر، 228  هەزار تۆنە و تا ئێستا 94 هەزار تۆن وەرگیراوە و پرۆسەکەش بەردەوامە.

شەممە (29ـی حوزەیرانی 2024)، هێمن قادر، جێگری پارێزگاری هەولێر و سەرۆکی لێژنەی باڵای بەبازارکردنی گەنم، جووتیاران ئاگادار دەکاتەوە سبەی یەکشەممە 30ـی حوزەیرانی 2024، دەست بە دابەشکردنی چەکی جووتیاران دەکرێت.

بەپێی ڕاگەیاندراوەکەی سەرۆکی ئەو لێژنەیە، دابەشکردنی چەکی پارەی گەنمی جووتیاران لە زنجیرە (1) تاوەکو زنجیرە(70)کە لە رێکەوتی 6-7-8ی حوزەیرانی2024 گەنمەکانیان ڕادەستکردووە، بۆ ئەم مەبەستە پێویستە جووتیارانی قەزای قوشتەپە سەردانی سایلۆی هەولێر بکەن بەمەبەستی وەرگرتنی شایستەیی دارایی خۆیان.

وەزارەتی بازرگانیی و پیشەسازیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دووشەممە (24ـی حوزەیرانی 2024) بڵاوی کردەوە، تا 23ـی حوزەیران 80 هەزار تۆن و 993 کیلۆ و 650 گرام گەنم لە جووتیارانی سنووری پارێزگای سلێمانی وەرگیراوە، هاوکات 66  هەزار تۆن و 546 کیلۆ و 940 گرام گەنم لە جووتیارانی سنووری پارێزگای دهۆک وەرگیراوە، لەگەڵ ئەوەش 62 هەزار تۆن و 592 کیلۆ و 472 گرام گەنم لە جووتیارانی سنووری پارێزگای هەولێر وەگیراوە.

بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی بازرگانیی و پیشەسازیی، کۆی گشتیی ئەو بڕە گەنمەی تا ئێستا لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەرگیراوە و ئەمبار کراوە، گەیشتووەتە 210 هەزار تۆن و 133 کیلۆ و 62 گرامە.

یەکشەممە، 30-06-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێورەسمێکی تایبەتدا لە پارێزگەی هەڵەبجە، بەردی بناغەی سایلۆی هەڵەبجەی دانا. پڕۆژەی سایلۆی هەڵەبجە بە گوژمەی (27,203,220,000) دینار لە لەلایەن هەر دوو کۆمپانیای ئەدمین و (ABP TDS) جێبەجێ دەکرێت.

سەرۆکی حکومەت، لە گوتارێکدا ئاماژەی بەوە دا، هەرچەندە زیاتر لە دە ساڵ دەبێت حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیاری بە پارێزگابوونی هەڵەبجەی داوە، بەڵام بە داخەوە تا ئێستاش ڕێکارەکانی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە لە لایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە تەواو نەکراون. بۆیە دووپاتی دەکەینەوە کە پێویستە هەرچی زووە ئەم ڕێکارانە تەواو بکرێن و لەسەر ئاستی فیدراڵیش بە شێوەیەکی فەرمی، وەک پارێزگایەک مامەڵە لەگەڵ هەڵەبجە بکرێت و بودجەی پەرەپێدانی بۆ تەرخان بکرێت.

 

Fly Erbil Advertisment