بەڕێوەبەری ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ: داعش لە سووریا کۆتایی نەهاتووە

K24 – هەولێر:
بەڕێوەبەری ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، دەڵێت: بە لایەنی کەمەوە تا ئێستە نزیکەی 10 هەزار چەکداری ڕیکخراوی تیرۆریستی داعش لە بیابانەکانی سووریا هەن و هەندێک لایەنیش پاڵپشتیان دەکەن بۆ ئەوەی دووبارە بەهێز ببنەوە.
ڕامی عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، لەمیانەی بەشداریی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24 ڕایگەیاند، هێرشەکانی داعش لە سووریا بەردەوامە و هەندێک لایەن هاوکار و پاڵپشتیانن بۆ ئەوەی دووبارە بەهێز ببنەوە و بەردەوامی بە چالاکییە تیرۆرستییەکانیان بدەن، هەروەها تا ئێستە شانە خەوتووەکانی داعش ماون.
بەڕێوەبەری ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، سەرنجی بۆ ئەوە ڕاکێشا، داعش تا ئێستە کۆتایی نەهاتووە، پێش ئەوەی ئێمە ڕاپۆرتی خۆمان بڵاو بکەینەوە داعش شەش هێرشی لە ناوچەی ژێردەسەڵاتی هێزەکانی سووریای یموکرات ئەنجام داوە، هەروەها لە ناوچەی ژێردەسەڵاتی ڕژێمی سووریاش بەردەوامن لە چالاکییە تیرۆرستییەکانیان.
ناوبراو ئاماژەی بەوە دا، زۆرینەی هێرشەکانی داعش لە ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکراتن، هەروەها ئەگەر ئیرادەیەکی بەهێز هەبێت داعش کۆتایی دێت، بەڵام تا ئێستە ئەو ئیرادە بەهێزە نەبووە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەیان.
ڕامی عەبدولڕەحمان، لەبارەی ژمارەی ئەندامانی رێکخراوی تیرۆریستی داعشدا، گوتی: بە لایەنی کەمەوە تا ئێستە نزیکەی 10 هەزار چەکداری ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش لە بیابانەکانی سووریا هەن، بەردەوامیش ژمارەیان لە زیادبووندایە و کار و چالاکییشیان بەردەوامە.
سەبارەت بە کەمپی هۆل، بەڕێوەبەری ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، ڕوونیکردەوە، ناوی ئەو کەمپە ئێستە دەوڵەتی هۆلە، ئەو کەمپە پڕیەتی لە شانەی داعش و وەک بۆمبێکی تەوقیتکراوە، ئەگەر زوو چارە نەکرێت لەوانەی لە نزیکترین کاتدا بتەقێتەوە.
ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاوی کردەوە، لە هێرشێکی چەکدارانی داعش بۆ خاڵێکی سەربازی هێزەکانی حکوومەتی سووریا لە بیابانی حومس سەربازێک کوژرا و سێ دیکەش بریندرابوون، هاوکات لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا شانەکانی داعش دوو هێرشی لە ناوچەی ژێردەسەڵاتی حکوومەتی سووریا ئەنجام داوە و 4 لە هێرشەکانیشیان لە ناوچەی ژێردەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکرات ئەنجامداوە.
بەپێی ئامارەکانی ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە دەستپێکی ئەمساڵدا بەهۆی هێرشەکانی داعش 446 کەس لە بیبانەکانی سووریا کوژراون.