بەرنامەی باسی ڕۆژ قەیرانی نەبوونی خزمەتگوزارییەکان لە عێراق تاوتوێ دەکات

K24 – هەولێر:

ئەمینداری گشتیی حزبی ئوممه‌، ئەندامێکی هاوپەیمانیی نەسر و پەرلەمانتارێکی عێراق لەمیانەی بەشدارییان لە بەرنامەی باسی ڕۆژدا باسیان لە قەیرانی نەبوونی خزمەتگوزاریی لە وڵاتەکە کرد و سەرەکیترین شتیش کە باسیان کرد کارەبا بوو کە ئێستە عێراق لەو سێکتەرەدا لە قەیرانێکی گەورەدایە. سەرجەمیان هاوڕابوون لەسەر ئەوەی گەندەڵییەکی زۆر هەیە و باڵی بەسەر سەرجەم سێکەتەرەکاندا کێشاوە. هاوکات پێیان وابوو، سیاسییەکان بەرپرسیارن لەو دۆخەی کە دروست بووە.

لە دەستپێکدا عەقیل رودەینی، ئەندامی هاوپەیمانیی نەسر، ڕایگەیاند: عێراق بە چەندین قۆناغی سیاسی جیاوازدا تێپەڕیوە و تا ئێستە سەقامگیری بەخۆیەوە نەبینیوە، لە دوای ساڵی 2003ـەوە وڵاتەکە خاوەنی سامانێکی زۆر بووە، بەڵام نەبوونی پلانێکی باش و گەندەڵی وای کردووە بە دەست چەندین قەیرانی جۆراوجۆرەوە بناڵێنێت.

ئاماژەی بەوەدا، حکوومەتی عێراق پێویستی بەخۆرێکخستنەوە هەیە، بەڵام چی بکات لە کاتێکدا دەبینێت گەندەڵی لە دامەزراوەکان زۆر تەشەنەی کردووە و باڵی بەسەر سەرجەم سێکتەرەکاندا کێشاوە.

ناوبراو سەرنجی بۆ ئەوە ڕاکێشا، حکوومەتی سوودان پلانی بۆ پێشکەوتنی وڵات هەیە، بەڵام ناکرێت ئەو پلانانە لە ماوەی چەند ساڵێک جێبەجێ بکرێت، بەڵکو پێویستی بە ماوەیەکی دورودرێژە تا جێبەجێ دەکرێت.

ئەو ئەندامەی هاوپەیمانی نەسر، لەبارەی کەرتی کارەبا لە عێراق، دەڵێت: حکوومەت بودجەیەکی باشی بۆ کەرتی کارەبا تەرخان کردووە، بەڵام گەندەڵی لەو کەرتەدا وایکردووە عێراق دووچاری قەیرانی کەمی کارەبا بێت، هەورەها پلانێکی گونجاو بۆ دابەشکردنی کارەبا لە وڵاتەکەدا نییە.

هەر لەبارەی حکوومەتی عێراقەوە، ڕوونیکردەوە، پێویستە پارتە سیاسییەکان کار بۆ سەرکەوتنی حکوومەت بکەن، بەڵام کەسانێک هەن نایانەوێت کابینەکەی سوودانی سەرکەوتوو بێت.

لە لایەکی دیکەوە مەحموود عگێلی، ئەمینداری گشتیی حزبی ئوممه‌، گوتی: پارتە سیاسییەکان ئەوانەی لە دوای 2003ـەوە بەشداربوونە لە پێکهێنانی حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق دەبێت بەرپرسیارەتی ئەم نەبوونی خزمەتگوزارییە لە وڵاتەکە هەڵبگرن.

جەختی لەوەش کردەوە،  زۆرێک لە پارتە سیاسییەکان تۆمەتبارن بە دزینی پارەی دەوڵەت، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی ئەم وڵاتە بە شێوەیەکی زۆر ترسناک دوا بکەویت، بابەتی دزی بە بەرنامە جێبەجێ کراوە و کاری زۆر جددی بۆ کراوە، پارتە سیاسییەکانیش ئەم بابەتەیان پەردەپۆش کردووە.

هاوکات ئەمینداری گشتیی حزبی ئوممه‌ گوتیشی: هەزاران پرۆژەی وەهمی لە عێراق هەن و پارتە سیاسییەکان خەڵکی دزیان هەیە و دەیانپارێزن، هەروەها بودجەی عێراق تا بڵێی زەبەلاحە بەڵام سێ بەشی ئەم بودجەیە بۆ بابەتی دزی دەڕوا.

ناوبراو لەبارەی کەمی کێشەی کارەبا لە عێراق، باسی لەوە کرد، لە عێراق کێشەی کەمی کارەبا هەیە، وەزیر و بەڕێوەبەرە گشتییەکانی وەزارەتی کارەبا بە گەندەڵی تۆمەتبارن، هەروەها چەند بەڕێوەبەرێکی گشیتی بە دزینی ملیۆنان دۆلار تۆمەتبارن و هەڵاتوون.

مەحموود عگێلی، بە نیگەرانییەوە گوتی: 21 ساڵە خەریکی دۆسیەی کارەباین و ئەمەش حاڵمانە و هاووڵاتییانی عێراق لە 24 کاتژمێر تەنیا 1 کاتژمێر کارەبای هەیە، ئەمەش هەموو پەرلەمان لێی خەتابارە و دەبێت هەڵوێستی هەبێت.

لای خۆیەوە ماجید شنگالی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، دەڵێت: هۆی ئەو قەیرانانەی کە لە عێراق سەری هەڵداوە پەرلەمانی عێراقە، چوونکە پەرلەمانتاران سەر بەو لایەنانەن کە لە حکوومەتدا پشکیان هەیە و یەک ئۆپۆزسیۆن لە پەرلەماندا بوونی نییە.

ئەو پەرلەمانتارە، ئاماژەی بەوە دا، دەبێت حکوومەت بەرپرسیارەتی نەبوونی خزمەتگوزارییەکان هەڵبگرێت. لەبارەی کەرتی کارەباوەش، شنگالی گوتی: 17 ترلیۆن دینار بۆ کەرتی کارەبا تەرخانکراوە و کەچی نادیارە.

ناوبراو گوتیشی: نزیکەی 35%ـی ئەو پارەیەی کە بۆ کارەبا تەرخان دەکرێت بە گەندەڵی بەهەدەردەچێت. ئاماژەی بەوەشدا، هەوڵدەدرێت شکست بە حکوومەتەکەی سوودانی بهێندرێت.

ماجید شنگالی، ئەوەشی ئاشکرا کرد، وەک فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان پاڵپشتی لە کارنامەی سوودانی دەکەن.

Fly Erbil Advertisment