ناتانیاهۆ: بە مردوویی یا زیندوویی ئەو 120 بارمتە دەگەڕێنینەوە
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، تاکە بەربەست لەبەردەم گەڕاندنەوەی بارمتەکان حەماسە و بە فشاری سەربازی و سیاسی سەرجەم بارمتەکان لە کەرتی غەززە دەگەڕێننەوە کە ژمارەیان 120 کەس دەبێت.
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، بەربەست لەبەردەم بارمتەکان حەماسە، بەڵام دەستەوسان دانانیشین، سەرجەم بارمتەکان ئازاد دەکەین لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە ڕەفەح و ناوچەکانی دیکە لە کەرتی غەززە کە بەردەوامن.
ناتانیاهۆ دەڵێت، "هێزەکانمان لە ڕەفەح و شوجاعییە و هەموو شوێنێکی غەززە ئۆپەراسیۆن دەکەن، ڕۆژانە دەیان تیرۆرست لەناو دەبەن. ئەو شەڕەی لە ئاسمان و ڕووبەڕوو و ژێر زەوی ڕوو دەدات سەختە".
هەروەها دەشڵێت: "لەبارەی ئەرکە پیرۆزەکەمان لە ئازادکردنی بارمتەکان، هیچ گۆڕانێک لە هەڵوێستی ئیسرائیل ڕووی نەداوە لەو پێشنیازەی سەرۆک بایدن پێشوازیی لێ کرد؛ هەمووان ڕاستییەکە دەزانن، حەماس تاکە بەربەستە بۆ ئازادکردنی بارمتەکانمان، بە فشاری سیاسی و سەربازی، ئەو 120 بارمتەیە بە مردوویی یان زیندوویی، سەرجەمیان دەگەڕێنینەوە".
لە7ـی ئۆکتۆبەری ڕابردووەوە ئیسرائیل و حزبوڵلا بەردەوام پێکدادانی سنوورداریان هەبووە، بەڵام ئێستە مەترسیی هەیە ئەو پێکدادانە بۆ شەڕی فراوان بگۆڕدرێن، لە وەها دۆخێکیشدا گروپەکانی بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق، یەمەن و سووریا هەڕەشەی چوونە شەڕی ڕاستەوخۆ دژی ئیسرائیل و پاڵپشتیی لە حزبوڵلا دەکەن.