بەرەی مقاوەمە هەڕەشە لە هێزەکانی ئەمەریکا و تەقاندنەوەی لوولەی نەوتی بەسرە دەکات

بەرەی مقاوەمەی بەناو ئیسلامی، لە عێراق هەڕەشەی دەستپێکردنەوەی هێرشەکانی بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا و بەرژوەندییەکانی ئەو وڵاتە لە عێراق دەکاتەوە.
بەرەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردووتەوە، لە ئەگەری هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر حزبوڵڵای لوبنانی، هێرشەکانیان ڕاستەوخۆ بۆ سەر بنکە، سەربازەگە و بەرژوەندییەکانی ئەمەریکا لە عێراق دەست پێ دەکەنەوە.
هەروەها ڕایگەیاندووە، لوولەی هەناردەی نەوتی بەسرە - عەقەبەیە کە هیچ سوودێکی ئابووریی بۆ عێراق نییە، یەکێک دەبێت لە ئامانجی هێرشەکانی بەرەی موقاوەمە.
لەلایەکی دیکەوە ناوەندی هەواڵگریی ئەمەریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، پەیامێکی بڵاوکردووتەوە، کە ئیدارەی ئەمەریکا داواکارییەکی ئاراستەی حکوومەتی عێراق کردووە و پێی ڕاگەیاندووە، دەبێت ئاسمانی وڵاتەکە لەبەردەم فڕین و گەشتی فڕۆکە ئێرانییەکان بۆ سووریا و لوبنان دابخات، چونکە گومانی گواستنەوەی چەک و تەقەمەنیان لێدەکرێت.
لە دوای هێرشی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە لە 17ی ئۆکتۆبەری 2023، دوای نزیکەی 200 هێرشی درۆن و مووشەکی بۆ سەر بنکە و ناوەندە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سووریا، لە شوباتی ئەمساڵەوە گرووپە میلیشیاکانی عێراق کە خۆیان بە بەرەی موقاوەمە ناساندووە، ئاگربەستێکیان لەگەڵ هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا ڕاگەیاند و هێرشەکانیان ڕاگرت.
هۆیەک دیکەی ناچاربوونی گرووپە میلیشیاکان لە ڕاگەیاندنی ئاگربەست، بۆمبارانکردنی مۆڵگە و ناوەندە چەکدارییەکانی گرووپە میلیشیاکان لەلایەن هێزی ئاسمانی ئەمەریکاوە لە ناوچەی ئەلبوکەمالی سووریا و لە ناوخۆی عێراق.