ڕێژەی سەوزایی هەولێر گەیشتووەتە سەدا 20
بایەخدان بە زیادکردنی ڕووبەری سەوزایی و پاککردنی ژینگەی هەرێمی کوردستان بەردەوامە، لەو چوارچێوەیەدا هەزار و 200 گوڵ لە شەقامی 60 مەتریی شاری هەولێر دەچێندرێن.
بە ڕووبەری 800 دۆنم، پارکی سامی عەبدولڕەحمان توانیویەتی وەک کۆگایەکی بەرهەمهێنانی ئۆکسجین بۆ شاری هەولێر لە قەڵەم بدرێت. ئەو پارکە، سەدان و هەزارەها نەمامی لێ چێندراوە کە سیمایەکی جوان و ژینگەیەکی پاکی بەخشیوەتە شارەکە. لە چوار ساڵی ڕابردوودا، ڕێژەی سەوزایی لە سەدا 17 بۆ سەدا 20 زیادی کردووە، شارەزایانی ژینگەش زیاترکردنی ڕێژەی سەوزایی بە کاری هەرە لەپێشینە دادەنێن.
ئاسۆ شکاک، ژینگەپارێز دەڵێت، "بەهۆی گۆڕانەکانی کەشوهەوا، پلەی گەرمی زەوی ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبێت؛ کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دیاردەکە، لە ڕێگەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە هەوڵی زیاترکردنی ڕێژەی سەوزایی لە شاری هەولێر و شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان دەدات".
حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ژینگەیەکی باش و جێگیر بەردەوامە لە زیادکردنی ڕووبەری سەوزایی. لە نوێترین کاریشدا دروستکردنی پارکێکە بە ڕووبەری 18 هەزار مەتر چوارگۆشە لە گەڕەکی ژیان کە ملیارێک و 46 ملیۆن دیناری بۆ تەرخان کراوە، دەست بە دروستکردنی کراوە و کارکردن تێیدا بەردەوامە.
سەردار محەمەد، چالاکوانی ژینگەیی دەڵێت، "پێویستە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانیش هاوکار بن لەگەڵ حکوومەت و هۆشیاریی ژینگەییان هەبێت. گرنگە هەر یەکێک لە بەردەم ماڵەکەی چەند دارێک بچێنێت و خزمەتیان بکات".
بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا، پێویستە ڕێژەی سەوزاییش زیاتر بکرێت، بۆیە هەڵمەتی سەوزکردنی شەقام و شوێنە گشتیەکانیش بۆ گەیشتن بە ئاستی ستاندارتی سەوزایی لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان بەردەوامە .