جەنجاڵیی زیندانەکانی عێراق گەیشتووەتە سەدا 300

وەزیری دادی عێراق ڕایدەگەیەنێت، جەنجاڵی لە زیندانەکان گەیشتووەتە سەدا 300. چالاکوانانی بواری مافەکانی مرۆڤیش دەڵێن، ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی بێتاوان لە زیندانەکانن.
سەرەڕای ئەوەی دەیان هەزار کەس، وەک ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ئاماژەی بۆ دەکەن، بە تۆمەتی سیاسی و مەزهەبی و کەسیی لە زیندانەکانی عێراقدان و لەژێر ئەشکەنجە و دانپێدانانی گوماناویدان؛ هاوکات پرسی جەنجاڵی زیندانەکان و کاریگەریی خراپی لەسەر دۆخی زیندانەکان لە عێراق، دەخرێتەوە بەر باس .
لە دوایین لێدوانیدا، خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق، ڕایگەیاند، جەنجاڵیی لە زیندانەکانی عێراق زیادی کردووە و گەیشتووەتە سەدا 300.
وەزیری دادی عێراق گوتی: "بە دوو شێوە کار لەسەر چارەکردنی ئەم پرسە دەکەین؛ یەکەمیان فراوانکردنی میکانیزمی ئازادکردن و مەرجەکانی ئازادکردن؛ هەروەها دەرکردنی یاسای لێبوردنی گشتیی بەو ڕەشنووسەی کە لەلایەن هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەتەوە پەسەند کراوە. هاوکات کاریش دەکەین بۆ ئەوەی هەمواریی لە یاساکانی سزادان بکەین بە شێوەیەک، سوود لە یاسا نمونەییەکانی وڵاتانی پێشکەوتوو وەربگرین".
سەبارەت بە میکانیزمی دووەم، وەزیری داد ڕایگەیاند، "ژێرخانێکی نوێ بۆ زیندانەکان دروست دەکەین، بە تایبەت فراوانکردنی زیندانەکانی عەمارە، ناسرییە، نەجەف، ناوەندی بەغدا و چەند زیندانێکی دیکە". ئەوەشی خستە ڕوو، بە گوێرەی ئەو پلانە دەتوانن جەنجاڵی ناو زیندانەکان بۆ سەدا 200 کەم بکەنەوە.
بەبۆچوونی چالاکوانانی بواری مافەکانی مرۆڤ، پلانی فراوانکردنی زیندانەکان جەنجاڵی ناو زیندانەکان کەم ناکاتەوە و باس لەوە دەکەن ژمارەیەکی بەرچاو لە خەڵکی "بێتاوان بەبێ هیچ تۆمەتێک لە زیندانەکانن و ئەم بابەتە چەندین ساڵە لەلایەن هێزە ئەمنییەکان شاردراوەتەوە و لایەنی یاسایش وەکو تاوانبار مامەڵەی لەگەڵ ئەو دۆسیانەدا کردووە".
محەممەد عەنوز، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق لەوبارەوە ئاماژەی بەوە کرد: "سەرەڕای کێشەی یاسایی و تەندروستی و پێشێلکاری بەرامبەر زیندانیان، جەنجاڵی زیندانەکان وامان لێ دەکات بیر لە دەرکردنی یاسای لێبوردنی گشتی بکەینەوە لە کاتێکدا دەرکردنی یاساکە بە سیاسی کراوە".
لە لایەکی دیکەوە محەممەد عیمران، ئەندامی سەندیکای پارێزەرانی عێراق ڕایگەیاند، یەکێک لە هۆکانی جەنجاڵیی زیندانەکان ئەوەیە چوار هەزار زیندانی دیکە کە بە تۆمەتی ماددەی هۆشبەر دەستگیرکراون، خراونەتە زیندانەکان و ئاماژە بەوەش دەکات، توانای لەخۆگرتنی زیندانەکان 25 هەزار زیندانییە، بەڵام زیاتر لە 80 هەزار زیندانی لە زیندانەکانن. بەبۆچوونی ئەو، ئەم دۆخە دەیسەلمێنێت زیندانەکان لە دۆخێکی سەختی تەندروستیدان.
هەروەها ناوەندی عێراقی بۆ بە بەڵگەنامەکردنی تاوانەکانی جەنگ ئاشکرای کردووە، دەیان هەزار زیندانی بە هۆی سیاسی و مەزهەبی و کەسیی پێشتر دەستگیر کراون و چەندین ساڵە لە دۆخێکی خراپی جەنجاڵی و گەرمای تاقەتپڕوکێندان کە کاریگەری خراپی لەسەر دۆخی تەندروستیان دروست کردووە. بە گوێرەی هەمان سەرچاوە، نزیکەی 100 هەزار زیندانی لە زیندانی وەزارەتەکانی داد، ناوخۆ و بەرگرییدان.