دیندار زێباری: حکوومەتی هەرێم هیچ پەنابەرێکی سووری نەگەڕاندووەتەوە وڵاتەکەی

لە ماوەی ڕابردوو بەشێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن هەواڵ و ڕاپۆرتیان بڵاوکردەوە کە تێیدا ئاماژەیان بەوە کردووە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان پەنابەرانی سووری دەگەڕێنێتەوە وڵاتەکەی، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت، ئەم هەواڵە دوورە لە ڕاستی و بێ بنەمایە.
دوو شەممە (1ـی تەممووزی2024)، دیندار زێباری ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ڕایگەیاند، حکوومەتی هەرێمی کوردستان هیچ پەنابەرێکی سوری نەگەڕاندووەتەوە بۆ زێدی خۆی و تاوەکو ئەمڕۆ زیاتر لە (250) هەزار پەنابەری سووری لە هەرێمی کوردستانن، ئەو پەنابەرانەش لەهەرێمی کوردستان لەلایەن وەزارەتی ناوخۆ و UNHCR تۆمارکراون.
سەبارەت بە پێدانی مافی نیشتەجێبوون و ڤیزا بە کرێکارانی بیانی بە گشتی، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئاماژەی بەوە کرد، حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێدانی ڤیزای بە هاووڵاتیانی سووری ڕانەگرتووە، بەڵکو ئەوانەی کە سپۆنسەریان دیارە و پێویستیان بە ڤیزا هەیە بەپێی داواکاری شوێنی کار کردنیان، ڤیزایان پێ دەدرێت بە مەرجێک خۆیان تۆمار بکەن لە فەرمانگەی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی، لەلایەکی دیکەوە بڕیاری ژمارە (172) لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم و ڕێنمایی ژمارە (8)ی ساڵی 2022 دەرچووە و لیژنەیەکی باڵاش لە گشت لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ ئەم مەبەستە پێکهێنراوە، بەپێی ئەم بڕیارە ڕێژە و میکانیزمی کارکردنی کرێکارانی ناوخۆیی و بیانی لە پڕۆژەکاندا دیاریکراوە، هەر کرێکارێکی بیانی کە دەیەوێت مافی مانەوە(ئیقامە) بۆ کار لە هەرێم بەدەست بهێنێت، پێویستە ڕەزامەندی وەزارەتی ناوخۆ وەربگرێت و گرێبەستی کار و بیمەی لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی هەبێت، لەم ڕووەوە ئاسانکاریی کراوە لە دەستکەوتنی هەلی کار بەپێی مەرجەکان.
ئەم ڕێکارانە بە هیچ شێوەیەک پەنابەران ناگرێتەوە، بەڵکو ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە لە ڕێگەی فەرمییەوە لە فڕۆکەخانەکان و لە ڕێگەی دەروازە سنوورییەکانەوە دوای وەرگرتنی ڤیزا هاتوونەتە هەرێم.