کەرکووکییەکان بەهۆی بێئاوی ڕژانە شەقام
دانیشتووانی هەردوو گەڕەکی کوردستان و پەنجاعەلی کەرکووک بەهۆی گرفتی کەمئاوییەوە ڕژاونەتە شەقامەکان و لە گردبوونەوەیەکی هێمندا داوا لە ئیدارەی شارەکە ئەو کێشەی چەند ساڵ لە هاویندا بەرۆکیان دەگرێت، چارە بکرێت.
هەردوو گەڕەکە لە بنەڕەتدا کوردنشین بوون، بەڵام لە دوای ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری 2017 ژمارەیەک خێزانی عەرەبیش چوونەتە گەڕەکی پەنجا عەلی و کوردستان و بوونەتە دراوسێی هاووڵاتییانی کورد.
لەگەڵ وەرزی گەرما و زیادبوونی پێویستییەکانی خەڵک بە ئاو، ساڵانە کێشەی کەمئاوی زیاتر زەق دەبێتەوە، ئەو خەڵکەشی گردبوونەتەوە و داوای چارەکردنی گرفتی کەمئاوی دەکەن دەڵێن "هەندێک لە ماڵەکان سێ مانگە دڵۆپە ئاوێکیش لە بەلوعەی ماڵەکانیان تکەی نەکردووە".
خۆپیشاندەرێکیش دەڵێ "ئەوە زیاتر لە دوو مانگە بێئاوین و تەنیا داواکاریمان چارەکردنی ئەم کێشەیە، لە کاتێکدا پرۆژەی ئاوی خۆی هەیە هەردوو گەڕەکەکە بەڵام لە شێوازی دابەشکردنی ئاو گرفت هەیە و بەشێک ئاوی پێدەدرێت و بەشێکیشی بێئاو کراوە، بە ناچاریی تانکەری ئاو بە 25 هەزار دینار دەکڕین لە کاتێکدا ڕۆژانەی کارکردنم تەنیا 15 هەزار دینار، نازانم ئاوی پێ بکڕم یان خواردن و پێداویستییەکانی دیکە، بەڵگەشمان هەیە تانکەری حکوومەت ئاو بە هاووڵاتییان دەفرۆشێتەوە".
هاووڵاتییان دەڵێن هەر کاتێک بۆ ناڕەزایی دەربڕین ڕوو لە پرۆژەی ئاوی گەڕەکەک دەکەن لە لایەن پۆلیسەوە دەستگیر دەکرێن یان سووکایەتییان پێ دەکرێت، کەچی ئیدارەی شارەکە ئامادە نییە ڕێکاری پێویستی بۆ چارەکردنی گرفتەکە و دابەشکردنی ئاو بەدادپەروەرانە بگرێتەبەر.
هاووڵاتییەکی دیکەش دەڵێ"تاوەکوو ئیستا تەنیا بەڵێنمان پێدراوە و هیچ هەنگاوێک نەگیراوەتەبەر، لە بەغداوە لێژنەیەک هات و ئەویش تەنیا بەڵین بوو، لە دوای جەژنی قوربانەوە ئەمە سێیەمجارە گرد دەبینەوە و ناڕەزایی دەردەبڕین نازانین ڕوو لە کوێ بکەین".
ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە فراکسیۆنی یەکێتی لە بارەی ناڕەزایی دەربڕینی خەڵکەکە و چۆنێتی چارەکردنی گرفتی بێ ئاوی ماڵەکان گوتی: گرفتەکە لە کەرکووک تازە نییە بە تایبەت لە هەردوو گەڕەکەکە لە ئەنجوومەن هەوڵمان داوە و لەگەڵ فەرمانگەی ئاویش پەیوەندیمان هەیە و داوام کردووە ئەو هێڵە ناڕەسمیانەی هەن ببڕدرێن کە سەرچاوەی کێشەی کەم ئاوی دانیشتووانەکانی هەردوو گەڕەکەکەیە و گرفتەکەش ئێستا زۆربەی عێراقی گرتووتەوە و کێشەکەش بێ پلانییە".