کارتی نیشتمانی ڕەنگاوڕەنگ دەکرێت
وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایگەیاند، شێواز و قەبارەی كارتی نیشتمانی دەگۆڕێت و دەكرێتە ڕەنگاوڕەنگ. دەشڵێت، "ئەم كارتە نوێیەکە بە هیچ جۆرێك ساختە ناكرێت".
دووشەممە، 1ـی تەمووزی 2024، عەبدولئەمیر شەمەری، وەزیری ناوخۆ، كارگەی چاپی ڕەنگاوڕەنگی كارتی نیشتمانیی كردەوە كە بە هاوبەشی لەگەڵ كۆمپانیایەكی ئەڵمانی دروست كراوە.
ئەو وەزیرە ئاماژەی بەوەش دا، كارگە ئەڵمانییەکە پێداویستییەكانی عێراق بۆ چاپكردنی كارتی نیشتمانیی بە تایبەتمەندی زۆر پێشكەوتوو دابین دەكات، كە بە هیچ شێوەیەك ناتوانرێت ئەو کارتە ساختە بکرێت.
ئەوەشی ڕوون كردەوە، ئەو هاووڵاتییانەی كە لەمەودوا داوای کارتی نیشتمانی پێشکەش دەکەن، كارتێکی ڕەنگاوڕەنگیان بۆ چاپ دەكرێت و ئەوانەش كە ماوەی كارتە كۆنەكانیان بەسەر دەچێت، لەکاتی نوێکردنەوەیان بۆیان دەكرێت بە ڕەنگاوڕەنگ.
عەبدولئەمیر شەمەری، وەزیری ناوخۆی عێراق ڕاشیگەیاند، تا ئێستە 39 ملیۆن كارتی نیشتمانیی چاپ كراوە و بە فەرمی بۆ ڕاییكردنی مامەڵەكان و بە خستنەگەڕی كارگە نوێیەكەش، گرفتی دواكەوتنی دەركردنی چارە دەبێت.