ڕاوێژکارێکی باڵای ترەمپ ڕاپێچی زیندان کرا

ستیڤ بانۆن، ڕاوێژکاری باڵای دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا، ئەمڕۆ، دووشەممە 1 ی تەمموز 2024، برایە زیندانەوە بۆ ئەوەی ئەو سزایەی بەسەریدا سەپێنراوە تەواو بکات، کە بەهۆی سووکایەتیی بە کۆنگرێسەوە سزای زیندانیی چوار مانگی بەسەردا سەپێنراوە.

ستیڤ بانۆن، تەمەن 70 ساڵ، لە مانگی تەمموزی 2022 بەهۆی وەڵامنەدانەوەی بانگهێشتنامەیەک بۆ گوتە لێوەرگرتن، لەبەردەم لیژنەیەکی کۆنگرێس کە لێکۆڵینەوەیان لە هێرشەکەی لایەنگرانی ترەمپ بۆ سەر باڵەخانەی کاپیتوڵ سزا درا.

ئەو کات ترەمپ لە پلاتفۆرمی ئێکس 'تویتەری پێشوو' داوای لە لایەنگرانی کرد بچنە واشنتۆن و خۆپیشاندانێکی گەورە بکەن. دواتر خۆپیشاندانەکە توندوتیژی لێ کەوتەوە و بووە هۆی داخستنی باڵەخانەی کاپیتوڵ، دانیشتنی پەسەندکردنی هەڵبژاردنی جۆو بایدن وەک سەرۆکی ئەمەریکا وەستا، لەکاتێکدا نوێنەرەکان هەڵهاتن و پێنج کەس کوژران و دەیان کەسیش بریندار بوون.

بانۆن لە مانگی تشرینی یەکەمی 2022دا سزای چوار مانگ زیندانی بەسەردا سەپێندرا، بەڵام لە کاتێکدا دادگا پێداچوونەوەی بە تانەی دژی سزاکە دەکرد ئەو ڕاوێژکارە دەستگیر نەکرابوو.

دادگای تێهەڵچوونەوەی فیدراڵی مانگی ڕابردوو بڕیارەکەی سەلماند و دادوەر کارل نیکۆلاس لە سەرەتای مانگی حوزەیران لە میانی دانیشتنێکدا کەفالەتەکەی هەڵوەشاندەوە، و بڕیاریدا لە 1ـی تەمموزدا بچێتە زیندان.

Fly Erbil Advertisment