دیداری ئەردۆغان و ئەسەد مێدیای تورکیا و سووریا دەتەنێت

دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵێک لە ڕۆژنامەی وەتەنی سووری، دەربارەی نێوەندگیریی عێراق بۆ میوانداریی شاندی تورکیا و سووریا لە بەغدا، بۆ ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکان، هەواڵەکە بووەتە باسی گەرمی مێدیاکانی هەردوو وڵات.
ڕۆژنامەکەی سووریا، لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادار ئاشكرای کردووە، عێراق بە پشتیوانیی چین و ئێران، هەنگاوی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئەنقەرە و دیمەشق دەگرێتەبەر.
بڵاوبوونەوەی هەواڵەکە زانیاریی و وردەکاری دیکەی بەدوای خۆیدا هێناوە و بەگوێرەی مێدیاکانی تورکیا ئەگەر هەیە لە لووتکەی هاریکاریی شانگەهای لە 3 و 4ـی ئەم مانگە لە ئەستانە، ڕەجەب تەیب ئەردوغان سەرۆکی تورکیا و بەشار ئەسەد سەرۆکی سوویا یەکتری ببینن.
عەبدولقادر سەلڤی، ڕۆژنامەوانی نزیک لە حکوومەتی تورکیا دەڵێ: بێدەنگییەکی تەواو هەیە لە بارەی ئەگەری کۆبوونەوەی ئەردۆغان و ئەسەد. ماوەیەکە ئاسایی بوونەوەی پەیوەندییەکان لەنێوان هەردوولا دەستی پێ کردووە، بەڵام تا ئێستا ڕوون نییە، ئەردۆغان و ئەسەد لە لووتکەی شانگەهای یەکتر دەبینن یان نا.
پەیوەندییەکانی تورکیا و سووریا بۆ یەکەم جار لە کانوونی یەکەمی ساڵی 2022 چووە قۆناغێکی نوێ و دیداریکی سێقۆڵی لە مۆسکۆ بەڕێوە چوو، تیایدا وەزیرانی بەرگری و سەرۆکەکانی دەزگای هەواڵگریی هەرسێ وڵات بەشدارییان تێیدا کرد.
مانگی ئایاری 2023 کۆبوونەوەیەکی چوارقۆڵی بە بەشداری تورکیا، سووریا، ڕووسیا و ئێران لە مۆسکۆ بەڕێوە چوو؛ لەو کۆبوونەوەیەدا، وەزیرانی دەرەوە بەشدارییان کرد و باسیان لە دووبارە گرتنەدەسەڵاتی تەواوی سوپای سووریا لە تەواوی خاکەکەی کرد.
هەروەها لە ئایاری 2024، محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاشکرای کرد، حکوومەتەکەی کار لەسەر بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی تورکیا و سووریا دەکات.
لە 27ـی ئەم مانگە بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا ڕایگەیاند، دەرگا کراوەن و پێشوازیی لە هەر پێشنیازێک بۆ چارەی کێشەکان لەگەڵ تورکیا دەکەن.
دوای ئەم لێدوانە، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا ڕایگەیاند، هیچ هۆیەکیان نییە بۆ ئاسایینەکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ سووریا.
لە 30ـی حوزەیرانی 2024، ڕۆژنامەی وەتەن بڵاوی کردەوە، کۆبوونەوەی هاوبەشی تورکیا و سووریا لە بەغدا وەک یەکەم هەنگاوی دانوستانەکان بەڕێوە دەچێت.
عەبدوڵقادر سەلڤی ئەوەشی نەشاردووەتەوە، سووریا پێویستی بە تورکیایە، چونکە دوای لوبنان، یەکەم ئامانجی ئیسرائیل شەڕێکی گەورەی لەگەڵ سووریا دەبێت. هاوکات ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانی تورکیا و سووریا هەموو هاوکێشەکانی ناوچەکە بەتەواوی دەگۆڕێت.
ئێستا ڕوون نەکراوەتەوە ئەو دیدارەی ئەسەد و ئەردۆغان کەیی و لە کوێ دەبێت بۆ ئەوەی گرێ کوێرەی پەیوەندییەکان بکەنەوە.