دووەمین کۆبوونەوەی هاوبهشیی هەرێمی كوردستان و عێراق تایبهت به گومرگ و خاڵەسنوورییەکان بەڕێوە دهچێت

دووهمین لیژنەی هاوبەشیی نێوان حكوومهتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق لەسەر یەکخستنی سیاسەتی گومرگی و چارەی کێشەکانی تایبەت بە خاڵەسنوورییەکان لە چوارچێوەی یاسا و دەستوور لە نێوان هەردوولا بهڕێوه دهچێت.
ڕۆژی دووشهممه 1ـی تهممووزی 2024، ڕاگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومهتی ههرێمی كوردستان ڕایگهیاند، دووەمین کۆبوونەوەی لیژنەی هاوبەشی نێوان حكوومهتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق لەسەر یەکخستنی سیاسەتی گومرگی و چارەسەری کێشەکانی تایبەت بە خاڵەسنوورییەکان لە چوارچێوەی یاسا و دەستوور لە نێوان هەردوولادا بە سەرپەرشتیی محەممەد تەمیم، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری پلاندانانی عێراق بەڕێوە چوو.
ڕاگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومهتی ههرێمی كوردستان ئاماژهی بهوه كردووه، لە کۆبوونەوەکەدا کە هەر یەک لە ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ و ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری و بەڕێوەبەری گشتیی گومرگ لە هەرێمی کوردستان و لە حکوومەتی عێراقیش وەزیرانی ناوخۆ، داد، ئاوەدانکردنەوە و خوێندنی باڵا و بەرپرسانی دەستەی دەروازە سنووریەکان ئامادەی بوون، گفتوگۆ لەسەر ئەو کێشە و گرفتانە کرا کە لە بواری گومرگ و خاڵەسنوورییەکان لە نێوان هەردوولا له ئارادایه و جەخت لەسەر جێبەجێکردنی خاڵەکانی کۆنووسی کۆبوونەوەکانی ڕابردوو کرایەوە وەک نەخشەڕێگهی چارەسەری کێشەکان.
هاوكات به پێی ڕاگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومهتی ههرێمی كوردستان شاندی هەردوولا هاوڕا بوون کە یەک سیاسەتی گومرگی لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکرێت و هەماهەنگیی زیاتر له نێوانیاندا بکرێت بۆ پاراستی بەرهەمی ناوخۆ و جێبەجێکردنی ڕۆژنامەی کشتوکاڵی، بۆ ئەو مەبەستەش بڕیارە هەماهەنگیی و کۆبوونەوەکان بەردەوامییان هەبێت تا گەیشتن بە ڕێکەوتنی کۆتایی.