ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان: کار و بازرگانیی خەڵک و ئابووریی کوردستان بووەتە ئامانجی ئاگری پەکەکە

ڕاگەیاندنی دەستگیرکردنی تۆمەتبارانی ڕووداوەکانی سووتاندنی بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان
ڕاگەیاندنی دەستگیرکردنی تۆمەتبارانی ڕووداوەکانی سووتاندنی بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر:

دواجار پەردە لەسەر ڕاستی هۆکاری ڕووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە لە بازاڕەکانی هەولێر، دهۆک و کەرکووک لادرا و ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان بۆ ڕای گشتیی ئاشکرا کران، ئەوانەی پەنجەی تۆمەتیان بۆ کەمتەرخەمی حکوومەت درێژ دەکرد، کاس بوون لە بیستنی ڕاستییەکان؛ ئەویش تەنیا ئامانج لەو ڕووداوانە لاوازکردنی ئابووریی کوردستانە لە ڕێگەی زیانگەیاندن بە پرۆژەی بازرگانی و کاروکەسابەتی هاووڵاتییان.

ڕۆژی (1ـی تەمموزی 2024) هەردوو وەزارەتی ناوخۆی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی هاوبەش لە بەغدا، ئاشکرایان کرد دەستێک لەپشت ڕووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە لە بازاڕەکان بووە و دەستگیرکردنی تۆمەتبارانیشیان ڕاگەیاند.

لە پرۆسەیەکی وردی هەواڵگری نێوان هەولێر و بەغدا، کە دامودەزگاکانی هەردوو وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و فیدراڵ لە هەماهەنگییەکی تەواودا بوون لەژێر ڕاسپاردە و سەرپەرشتی هەردوو سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و محەممەد شیاع سوودانی، بۆ ئەوەی هۆکاری ئەو هەموو ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە گوماناوییانە ئاشکرا بکرێن.

لەلایەن خۆیەوە، میقداد میری، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی فیدراڵ ڕایگەیاند، تۆڕێکی سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و دوو کەسی سەر بە یەکەی 70ـی هێزەکانی پێشمەرگە و دژەتیرۆری سلێمانی، لە پشت هەموو ئەو ئاگرانەوە بوون کە لە ماوەی ڕابردوودا لە بازاڕەکانی کەرکووک و هەرێمی کوردستان کەوتوونەتەوە.

هەروەها هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: دوای لێکۆڵینەوەیەکی ورد، توانرا دەستمان بگات بە تۆڕێکی تاوانکاری کە لە ماوەی ڕابردوو زیانێکی زۆریان بەهاووڵاتییانی هەولێر، دهۆک و کەرکووک و چەند ناوچەیەکی دیکە گەیاندووە کە ئامانجەکەی لێدانە لە ئابووریی هاووڵاتییان، توڕەکردنی خەڵک و بڕینی سەرچاوەی قووتی هاووڵاتییانە، بۆ ئەوەی لەم ڕێگەیەوە پەیوەندییەکانی نێوان هاووڵاتییان و حکوومەت تێک بدەن.

ئەمەش لە کاتێکدایە، ڕۆژی (6ـی ئایاری 2024) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە ڕۆژی دوای ڕووداوی ئاگرەکەی بازاڕی قەیسەریی هەولێر بوو، سەردانی بازاڕەکەی کرد و چاوی بە زیانلێکەوتووانی ئاگرەکە کەوت و جەختی کردەوە لەسەر ڕاسپاردنی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەت لە زووترین کاتدا، لێکۆڵینەوەی ورد و هەمەلایەنە بکەن بۆ ئەوەی بزانرێت ئەگەر  دەستێکی خراپکاری لە پشتەوەی ڕووداوەکەیە، بە سزای یاسایی بگەیەنرێت و ڕێگری بکرێت لە دووبارەبوونەوەی.

ئەو بازاڕانەی سووتێندران

بەرەبەیانی ڕۆژی (1ـی نیسانی 2024) ئاگرێکی گەورە لە بازاڕی چەلێی پارێزگای دهۆک کەوتەوە و بەپێی ئاماری بەرگریی شارستانی پارێزگای دهۆک، زیان بە 160 دووکان و 20 کۆگا کەوت کە وەک ئامادەکاری بۆ جەژنی ڕەمەزان، دووکانداران کەلوپەلێکی زۆریان هێنابوو.

لە ماوەی کەمتر لە دوو مانگدا، ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە لە بازاڕی لەنگەی هەولیر کەوتەوە، ڕووداوی یەکەم لە (27ـی شوباتی 2024) بوو،  بەهۆیەوە 166 دووکان سووتان. بۆ جاری دووەمیش لە (8ـی نیسانی 2024) ئاگر لە سێ کۆڵانی بازاڕی لەنگەی هەولێر کەوتەوە و لە ئەنجامدا نزیکەی 50 دووکان سووتان.

ئێوارەی (5ـی ئایاری 2024) ئاگر لە بەشە مێژوویی و شوێنەوارییەکەی بازاڕی قەیسەریی هەولێر کەوتەوە و بەهۆیەوە 228 دووکان و حەوت کۆگا سووتان و زیانێکی زۆر بە کاسبکاران و بازاڕەکەش گەیشت، کە ئێستا حکوومەتی هەرێمی کوردستان  بە زیاتر لە پێنج ملیار دینار، دەستی بە نۆژەنکردنەوەی بازاڕەکە کردووە.

تەمەنی بازاڕی قەیسەریی هەولێر زیاتر لە 200 ساڵە و دەکەوێتە ناوەڕاستی شاری هەولێر و بەرامبەر قەڵای دێرینی هەولێر، یەکێکە لە بازاڕە مێژوویی و کەلەپوورییەکانی هەرێمی کوردستان و ناوچەکە و ڕووبەرەکەی نزیکەی 50 هەزار مەتر چوارگۆشەیە و هەزاران دووکان و کۆگای بازرگانی لەخۆدەگرێت.

هەروەها بەرەبەیانیی ڕۆژی (19ـی ئایاری 2024) ئاگرێکی گەورە لە بازاڕی قەیسەریی کۆنی کەرکووک کەوتەوە و بەهۆیەوە زیاتر لە 100 دووکان و کۆگا سووتان و زیانێکی زۆری ماددی بە کاسبکارانی بازاڕەکە گەیشت.

بەپێی خەمڵاندنی سەرەتایی زیانەکانی ئەو ڕووداوانەی ئاگرکەوتنەوە کە لەلایەن لێژنەی هاوبەشی هەردوو وەزارەتی ناوخۆی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوە، زیاتر لە 300 ملیۆن دۆلار زیانی ئابووریی بە کاسبکاران و بازاڕەکان گەیشتووە، جگە لەوەی تاوەکوو نۆژەنکردنەوەی بازاڕەکان چەندین هاووڵاتی و خێزان بێ کار ماونەتەوە، کە بژێوی ژیانیان بە کارکردن لەو بازاڕانە بەندە.

پەکەکە ئاگر لە ماڵی خەڵک بەردەدات

وەک لە لێکۆڵینەوە هاوبەشەکانی هەردوو حکوومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان دەرکەوتووە و تۆمەتبارە دەستگیر کراوەکانیش دانیان پێدانەوە، پەکەکە پلان داڕێژەری ڕووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە لە بازاڕەکانی هەولێر، دهۆک و کەرکووک بووە و ڕاهێنانی بە سووتێنەران کردووە بۆ جێبەجێکردنی پلانەکە.

ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان دەریخستووە، سووتاندنی بازاڕەکان لە ڕێگەی دروستکردنی هەویرێکی سووتنەرەوە بووە کە ڕاستەوخۆ ناسووتێت بەڵکوو دوای چەند کاتژمێرێک لە دانانی لەنێو بازاڕەکان گڕیان گرتووە و بووەتە هۆی کەوتنەوەی ئاگر و سووتانی بازاڕەکان.

گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئاشکرای کردووە: تۆمەتبارەکانی سەر بە پەکەکە، پلانیان هەبووە چەندین شوێنی بازرگانی لە بازاڕ و کۆمپانیا لە بەغدا، کەرکووک، هەولێر و دهۆک بکەنە ئامانج، هەروەها پلانیان هەبووە بۆری گواستنەوەی نەوتی جەیهانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق لەگەڵ تورکیا، بتەقێننەوە.

هاوکات بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد: لێکۆڵینەوەکان ئاشکرایان کردووە، ڕێکخراوی پەکەکە لە پشتی ئەو ڕووداوانەیە، سێ تۆمەتبار دەستگیر کراون، یەکێکیان سەرپەشتیکارە بەناوی (هونەر فەخرەددین ئەحمەد) کە کارمەندی یەکەی 70ـی هێزەکانی پێشمەرگەیە و دووەمیشیان بەناوی (محەممەد نەجات حەسەن) ئەفسەری دژەتیرۆری سلێمانییە، پەکەکەوە تەجنیدیانی کردووە و ڕاهێنەرە چەکدارییەکانی ئەو گرووپە لە تورکیا، سووریا و قەندیلەوە هاتوون لە کفری، سلێمانی و سەنگەسەر ڕاهێنانیان پێیان کردووە بۆ ئەوەی ئەو کارە تیرۆریستییانە بکەن.

هەنگاوەکانی پەکەکە دژ بە ئابووریی هەرێمی کوردستان تەنیا لە سووتاندنی بازاڕەکان خۆی ناگرێتەوە، بەڵکو لە ئەنجامی دروستکردنی مۆڵگە و بارەگاکانی لە ناوچە سنوورییەكانی ھەرێمی كوردستان و شەڕی بەردەوامی لەگەڵ سوپای تورکیا، تادێت زیاتر كاریگەرییەكانی لەسەر ژیانی ھاووڵاتیانی ھەرێمی كوردستان دەردەكەون، بەهۆی ئەو شەڕەوە زیاتر لە 800 گوند و چەندین ناوچەی گەشتیاری لە سنووری هەرێمی کوردستان خاپوور و چۆڵکراون کە زۆرینەیان دەکەونە سنووری پارێزگای دهۆک، ئەوەش زیانێکی زۆری بە کەرتی گەشتیاری و کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان گەیاندووە.

ئاڵۆزییەکانی نێوان دەوڵەتی تورکیا و پەکەکە لە ساڵی 1984ـەوە تا ئێستا بەردەوامە کە ئەو ڕێکخراوە لەلایەن تورکیا، ئەمەریکا و یەکێتی ئەورووپاوە بە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی ناسراوە و بەپێی ئامارە نافەرمییەکانیش لە شەڕ و ئاڵۆزییەکانی نێوان دەوڵەتی تورکیا و پەکەکە، زیاتر لە 60 هەزار کەس لە هەردوولا کوژراون.

کاسبکاران سکاڵا تۆمار دەکەن

دوای ئاشکراکردنی تۆمەتبارانی سەرەکی لە سووتاندنی بازاڕەکانی هەولێر، دهۆک و کەرکووک کە ئەو تۆڕە سەرەڕای ڕووداوەکانی ئەمساڵ، پەیوەندییان هەیە بە ڕووداوەکانی ساڵانی 2022 و 2023ـی ئاگرکەوتنەوە لە بازاڕەکانی ئەو شارانە، بۆیە وەزارەتەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و فیدراڵ، داوایان لە زیانلێکەوتووان کردووە سکاڵا تۆمار بکەن.

لەلایەن خۆیانەوە، کاسبکارانی بازاڕەکانی قەیسەر و لەنگە لە هەولێر، بازاڕی چەلێ لە دهۆک بە کوردستان24ـیان ڕاگەیاند: خۆشحاڵن بە ئاشکرابوون و دەستگیرکردنی تۆمەتباران و جەختیان کردەوە، بەهۆی ئەوانەوە زیانێکی زۆری ماددییان کردووە و تەنیا ئامانجیش لەو کارەیان، زیانگەیاندن بووە بە ئابووری و بەرژەوەندی خەڵکی کاسبکاری بازاڕەکان.

هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و فیدراڵ جەختیان کردووەتەوە، کە دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان و ئاشکراکردنی دەرئەنجامەکەی بۆ ڕای گشتی، ڕێکارە یاساییەکان ڕێچکەی خۆی دەگرێت بۆ بە سزاگەیاندنی تۆمەتباران و ئەو دۆسیەیەش بە کراوەیی دەمێنێتەوە تاوەکوو هەموو سکاڵای زیانلێکەوتووان وەردەگیرێت و هەموو پەڕاوەکانیش ڕەوانەی دادگا دەکرێت بۆ دەرچوواندنی سزای یاسایی.

هاوکات ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر داوای لەو کاسبکار و دوکاندارانە کرد کە بەهۆى ئەو "ڕووداوە تیرۆرستییەوە زەرەرمەندبوونە، لە نزیکترین بنکەکانی پۆلیس و لە دادگا سکاڵا لە سەر ئەو تیرۆرستانە تۆمار بکەن، بۆ ئەوەی باجی قورسى ئەو زیانانە بدەن کە بە قوت و ماڵوموڵکی هاووڵاتییانیان گەیاندووە".