وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار: دەبێت ناونیشانی فەرمانبەرانی گرێبەست هاوشانی بڕوانامەکانیان بێت

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار

K24 – هەولێر:

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند 14 هەزار فەرمانبەری گرێبەستیان هەیە و کار لەسەر ئەوە دەکەن، ئەو فەرمانبەرانە ناونیشانێکیان هەبێت کە هاوشانی بڕوانامەکەیان بێت.

ڕۆژی (1ـی تەمموزی 2024) وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە ڕوونکردنەوەیەکدا بۆ ڕای گشتی و فەرمانبەرانی گرێبەست لە دامودەزگاكانی سەر بە وەزارەتەکە ڕایگەیاندووە: پابەندن بە ڕێكار و یاسا و ڕێنماییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و لایەنی پەیوەندیدار بۆ بەهەمیشەییكردنی فەرمانبەرانی گرێبەست.

لە ڕوونکردنەوەکەدا هاتووە: "ئەوەی لە ڕووی یاسا و ڕێكارەكانەوە لەسەر وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بووبێت، كاری پێویستیان لەسەر كراوە و لە داهاتووشدا لە چوارچێوەی سیاسەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پابەندین بەو بابەتەوە".

هاوکات وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ئاماژەی بەوەشکردووە: ئەگەر هەر سەرنجێکیشمان هەبووبێت، ئەوا لەبەر بەرژەوەندیی فەرمانبەرانی گرێبەست بووە و لەبەر ئەوە بووە کە زۆرترین ژمارەی فەرمانبەرانی گرێبەست لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارن کە ژمارەیان لە 14 هەزار فەرمانبەر زیاترە و ویستراوە کە باشترین وردەکاری تێدا بکرێت و مافی هیچ فەرمانبەرێکی گرێبەست پێشێل نەکرێت.

لەبارەی پرسی فەرمانبەرانی گرێبەستەوە، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ڕایگەیاندووە"ئاڵۆزییەک لە دانانی گرێبەستەکان هەبووە و بەشێکی فەرمانبەرە گرێبەستەکان بە ناونیشانێک گرێبەستیان بۆ کراوە کە گونجاو نییە لە ئاست ئەو بڕوانامەیەی هەیانە، کە ڕای ئێمە ئەوەیە دەبێت بەو ناونیشانە هەمیشەیی بکرێن کە هاوشانی بڕوانامەکانیانە، نەوەک بە ناونیشانێک کە لەگەڵ خوێندن و لێهاتوویی و لێوەشاوەیی و بڕوانامەی ئەو فەرمانبەرە دڵسۆزانە یەکناگرێتەوە".

Fly Erbil Advertisment