بەدرخان زاوێتەیی: کارەکانی پەکەکە دەیکات لێدانە لە ئابووری کوردستان

شرۆڤەکارێکی سیاسی ئاماژە بەوە دەکات، ئەوەی پەکەکە دەیکات، ئامانجیان لێدانە لە ئابووری هەرێمی کوردستان.
دووشەممە (1ـی تەممووزی 2024)،بەدرخان زاوێتەیی شرۆڤەکاری سیاسی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، زۆر ناخهەژێنە ئازاری کورد بەدەستی ناوخۆی بێت، دەڵێت، نازانین ئامانجەکانی پشتی ئەو کردەوانە چییە، پێشی وایە کارەکانیان پیلانگێڕیییە بەرامبەر کەسێکی کاسبکار کە ماوەی مانگێک هەوڵ دەدات بژێوی خۆی و منداڵەکانی دابین بکات، گوتی، ئەو ڕەفتارەی پەکەکە دەیکات دەچێتە چوارچێوەی تیرۆر.
زاوێتەی گوتی، ئەو کردەوانەی پەکەکە دەیکات یەکەمجار نییە، بەتایبەت لە سەرەتای کابینەی نۆیەم کە جێگری کونسوڵی تورکیایان لە هەولێر کوشت، هەروەها دوو جار بۆری نەوتی کوردستانیان تەقاندەوە بۆ لێدان لە ئابووری کوردستان، ئەو پێی وابوو پەکەکە ئامرازێکە بۆ دروستکردنی قەیران، هاوکات دەرفەت لە کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەبینێ بۆ دروستکردنی کێشە و ئاڵۆزیی.
ئاماژەی بەوەشکرد، یەکێتی نیشتیمانی کوردستان کە بەشدارە لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراقیش پێویستە وەڵامی ئەوە بداتەوە بۆ ئەو کارەی کردووە و کێی لە پشتەوە بووە و ئامانجی چی بووە، دەشڵێت، لە هەڵبژاردن وەڵامی ئەو کردەوانە دەدرێتەوە.
دووشەممە، 01-07-2024، میقداد میری، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ و شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنیی عێراق لە کۆنفرانسێکی ڕۆژانەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، تۆڕێکی سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و دوو کەسی سەر بە یەکەی 70ـی هێزەکانی پێشمەرگە و دژە تیرۆری سلێمانی، لە پشت هەموو ئەو ئاگرانەوە بوون کە لە ماوەی ڕابردوودا لە بازاڕەکانی کەرکووک و هەرێمی کوردستان کەوتوونەتەوە.
وەکو ئەوەی میقداد میری ڕوونی کردەوە، لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانیدا کە بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان کردوویانن، دەرکەوتووە، ئامانجی ئەو کەسانە لە سووتاندنی بازاڕی قەیسەریی کەرکووک، بازاڕی قەیسەریی هەولێر، بازاڕی لەنگەی هەولێر، بازاڕی چەلێی دهۆک و چەندین شوێنی دیکە لە هەرێمی کوردستان، لاوازکردنی ئابووریی ئەو پارێزگایانە بووە، چونکە ئاگرەکان زیاتر لە 300 ملیۆن دۆلار زیانی ئابوورییان هەبووە، هەروەها ئامانجێکی دیکە، تێکدانی سەقامگیریی هەرێمی کوردستان بووە.
وەکو ئەوەی گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق باسی کرد، ئەو گرووپە ی بازاڕی لەنگەی هەولێر، کۆگایەک لە قوشتەپە، بازاڕی لەنگە بۆ جاری دووەم، بازاڕی قەیسەریی هەولێر، بازاڕی چەلێ لە دهۆک و چەندین دووکان و شوێنی دیکە لە ماوەی کۆتایی ساڵی 2023 و ناوەڕاستی 2024 یان سووتاندووە.
میری لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئەوەی خستەڕوو، لە کاتی دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکان، دەستیان بەسەر ژمارەیەک ماددەی کیمیاییدا گرتووە کە هاوکاربوونە لەگەڵیان بۆ سووتاندنی بازاڕ و مۆڵەکان لە هەرێمی کوردستان، ڕوونیشی کردەوە، "ئامانجێکی دیکەی تۆڕەکەی سەر بە پەکەکە و یەکەی 70 و دژە تیرۆری سلێمانی، تەقاندنەوەی بۆڕی نەوتی جیهان بووە کە کەرکووک بە تورکیاوە دەبەستێتەوە".