محەمەد شوکری: پرۆژەی ستراتیژیی لەبواری بەنداو و شارە پیشەسازیی و کشتوکاڵییەکان جێبەجێ دەکەین
![محەمەد شوکری سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی کوردستان](https://d2wqffb2bc8st5.cloudfront.net/images/Jul-2024/1719856643ffff.jpg)
سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی کوردستان لەچوارچێوەی کۆڕبەندی ئابووری و عێراقی بەریتانی ئاشکرای دەکات، دەرفەت و ئاسانکاریی زۆر بە وەبەرهێنەرانی بیانی دەدەن بۆ ئەوەی بەشداریی لە پرۆژەکانی وەبەرهێنان لە کوردستان بکەن.
دووشەممە (1ـی تەممووزی 2024)، محەمەد شوکری سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، گرنگترین ڕوودای ئەو کۆڕبەندە ئابووریەی عێراق و بەریتانیا، کردنەوەی ئۆفیسی ئای بی بی سی یە لە هەولێر، دەشڵێت، هەنگاوی باش لە پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان بەریتانیا و عێراق و هەرێمی کوردستان نراوە، گوتی، سبەی پانێلێکی تایبەت بە هەرێمی کوردستان لەو کۆڕبەندە بەڕێوەدەچێت کە تێیدا دەرفەتی وەبەرهێنان دەخرێتە ڕوو بۆ ئەوەی کوردستان زیاتر بە ئامادەبووانی کۆڕبەندەکە بناسێندرێت.
محەمەد شوکری ئاماژە بەوە دەکات کە، هەرێمی کوردستان دەرفەتی وەبەرهێنانی زۆر زیاتری لە عێراق تێدایە، لە ئایندەیەکی نزیک چەندین پرۆژەی ستراتیژی لەبواری ژێرخانی ئابووری، دروستکردنی بەنداو، شوێنی گەشتیاریی و شارە پیشەسازیی و کشتوکاڵییەکان جێبەجێ دەکرێت، گوتی، وا دەکەین چاوی بیانییەکان لەسەر هەرێمی کوردستان بێت، ئاشکرای کرد، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لەسەر هێلە بۆ ئەوەی دەرفەتی زیاتر و ئاسانکاریی زیاتر بکەین تاکوو وەبەرهێنەرانی زیاتری بیانی بێنە هەرێمی کوردستان، دەشڵێت، ماستەر پلانی نوێی وەبەرهێنان دادەنێین.
بەپێی زانیارییەکان، 25 کۆمپانیای کوردی لەبواری پەروەردە و خوێندنی باڵا و بونیاتنان و دیجیتاڵی لەو کۆڕبەندەدا بەشدارن.
دوازدەیەمین کۆنفرانسی ئەنجوومەنی کاری عێراقی بەریتانی IBBC لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا دەست بە کارەکانی دەکات، گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت، ئەنجامی یەکێک لە خولەکانی ئەو کۆنفرانسە کردنەوەی لقێکی زانکۆی لەندەنە لە هەولێر، کە گەورەترین لقی ئەو زانکۆیە دەبێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
جگە لە سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان بە نوێنەرایەتیی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، نوێنەرانی حکوومەتی عێراقیش، خاوەنکار، بازرگان، وەبەرهێنەر و نوێنەری کۆمپانیا بەریتانی و جیهانیش لە کۆنفرانسی ئەنجوومەنی کاری عێراقی بەریتانی بەشدارن.
ئەم کۆنفرانسە، ساڵانە دوو جار بە بەشداریی بەرپرسانی هەولێر، لەندەن و بەغدا دەکرێت، جارێکیان لە ئیمارات و جارێک لە لەندەن. ئامانجی ئەو کۆنفرانسە پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییە بازرگانی و ئابوورییەکانە. ئەوەی ئەمڕۆ گفتوگۆی لەسەر دەکرێت، ئەوەیە بزانرێت چی دیکە پێویستە بکرێت بۆ پێشخستنی هاوکارییەکان لە ڕووی بازرگانی و وەبەرهێنانەوە"