وەزارەتی تەندروستی: دوو حاڵەتی تای خوێنبەربوون لە پارێزگای هەولێر تۆمارکران

روونکردنەوەی وەزارەتی تەندروستی
روونکردنەوەی وەزارەتی تەندروستی

K24 – هەولێر:

گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان تۆمارکردنی دوو حاڵەتی تای خوێنبەربوونی لە پارێزگای هەولێر ڕاگەیاند.

لە (1ـی تەمموزی 2024) سەرکار سوورچی، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ڕایگەیاند: دوو هاوڵاتی شاری هەولێر کە هەردووکیان پیشەیان گۆشتفرۆشییە، یەکێکیان تەمەنی 32 ساڵە و ئەوی تریان تەمەنی 28 ساڵە تووشی نەخۆشی تای خوێنبەربوون بوون و ئێستا لەژێر چارەسەری پزیشکیدان و دۆخی تەندروستییان جێگیرە.

پێشتریش وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێنج حاڵەتی نەخۆشی تای خوێنبەربوونی لەمساڵدا لە هەرێمی کوردستان ڕاگەیاندبوو، کە دوو حاڵەتیان لە سنووری پارێزگای دهۆک و سێ حاڵەتیش لە سنووری پارێزگای سلێمانی تۆمارکراون.

نەخۆشی تای خوێنبەربوون، لە ڕێگەی زیندەوەرێکی بچوکەوە، کە ناوی (گەنە)یە، لە ئاژەڵەوە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ، لە زۆرینەی حاڵەتەکاندا نەخۆشییەکە لەسەر ئاژەڵ دەرناکەوێت، بەڵام کاریگەری لەسەر تەندروستی مرۆڤ دەكات کە بە چەند شێوازێك دەردەکەوێت، کە بریتین لە (ئیبۆلا، لاسا، دەنگوو، ماربورگ و یەڵۆ فیڤەر).

تای خوێنبەربوون لەماوەی 3 بۆ 14 ڕۆژدا نیشانەکانی دەردەکەوێت، کە گرنگترینیان بریتییە لە تایەکی بەرز، ئازاری ماسولکە و ئێسکەکان، بێهێزیی و هەستکردن بە گێژبوون.

بۆ چارەکردنی نەخۆشەکە پێویستە، پشکنینی خوێن بۆ نەخۆش بکرێت و جیابکرێتەوە لە نەخۆشی دیکە، چونکە ئەگەری زۆرە بەهۆی پاشەڕۆوە، نەخۆشییەکە بگوازرێتەوە بۆ کەسانی دیکە. هەروەها ئەو نەخۆشانەی بەهۆی تای خوێنبەربوونەوە، تووشی کەمخوێنی دەبنەوە، پێویستە بەزوویی خوێنیان بۆ دابینبکرێت، ئەو نەخۆشانەش کە نیشانەی سکچوون و ڕشانەوەیان هه‌یه‌، بۆ چارەکردنیان و پاراستنیان لە وشکبوونەوە دەرمانی پێویستیان پێدەدرێت.

Fly Erbil Advertisment