هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت جەخت لەسەر پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێیی لە کەرکووک و دیالە دەکاتەوە

کۆبوونەوەی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت
کۆبوونەوەی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت

K24 – هەولێر:

لە کۆبوونەوەی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت جەخت لە گرنگی پێکهێنانی حکوومەتە خۆجێییەکانی هەردوو پارێزگای کەرکووک دیالە کراوەتەوە و ئیدانەی لەکەدارکردنی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریشی کرد.

لە (1ـی تەمموزی 2024) هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت لە کۆشکی حکوومی کۆبوونەوەی ئاسایی خۆئ ئەنجامدا و لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە: لە کۆبوونەوەکاندا تاوتوێی دۆخی وڵات و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان بە هاووڵاتییان کردەوە.

لە کۆبوونەوەکدا، هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت بە گرنگییەوە پێداگیری لەسەر پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێیی لە هەردوو پارێزگای کەرکووک و دیالە کراوەتەوە و داواش لە حکوومەتی عێراق کردووە بەردەوام بێت لە هەوڵەکان بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق.

لە کۆی ئەو 15 پارێزگایەی لە کۆتایی ساڵی رابردوو هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی تێدا بەڕێوەچوون، تەنیا ئەنجوومەنی پارێزگاکانی کەرکووک و دیالە تاوەکو ئێستا سەرکەوتوونەبوون لە هەڵبژاردنی پارێزگاری نوێ بۆ پارێزگاکانیان.

ڕۆژانی (16 و 18ـی کانوونی یەکەمی 2023) پرۆسەی دەنگدانی تایبەت و گشتی لە پارێزگای کەرکووک بەڕێوەچوو، کە بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆن رێژەی بەشداریکردن لەو پارێزگایە گەیشتە 66%، سەرەڕای ئەوەی بەهۆی کێشە لە ئامێرەکانی دەنگدان و نەخوێندنەوەی پەنجەمۆر و کارتی دەنگدان، هەزاران هاووڵاتی کورد لەو شارە بێبەشبوون لە دەنگدان. ئەنجامی لایەنەکانیش لە ئەنجوومەنەکە کە لە 16 کورسیی پێکهاتووە بەم شێوەیە دابەشبووە، کورد لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک خاوەنی حەوت کورسییە و لایەنە عەرەبییەکان خاوەنی شەش کورسیین و پێکهاتەی تورکمانییەکانیش دوو کورسی و کریستیانەکانیش یەک کورسییان بەدەستهێناوە.

بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان کە لەلایەن کۆمیسیۆنەوە ڕاگەیەندراوە، لە ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە، هاوپەیمانی (دیالتنا الوطني) چوار کورسی بەدەستهێنا و هاوپەیمانی تەقەدوم و سیادە هەر یەکەیان سێ کورسی، ئیستحقاق دوو کورسی و هەریەکە لە یەکێتی، هاوپەیمانی عەزم و ئەساسیش یەک کورسییان بەدەستهێناوە.

ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە لە 15 کورسی پێکهاتووە، بەهۆی ناکۆکییەکانی نێوان هەردوو لیستی سیادە و تەقەدوم، تاوەکوو ئێستا نەتوانرابوو، ڕێککەوتن لەسەر دابەشکردنی پۆستەکان بکرێت بۆ پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێیی پارێزگاکە، بەڵام لە ماوەی ڕابردوو ئەندامە سوننەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە، هاوپەیمانییەکی نوێیان پێکهێنا و ئیستا بەگوتەی خۆیان خاوەنی گەورەترین کوتلەی ئەنجوومەنن کە لە حەوت کورسی پێکهاتووە

Fly Erbil Advertisment