دەست لەکارکێشانەوەی وەزیری تەندروستیی تورکیا پەسەند کرا و وەزیرێکیش دوورخرایەوە

بەگوێرەی ئەو بڕیارەی لە ڕۆژنامەی فەرمی تورکیادا بڵاوکراوەتەوە، نامەی دەست لەکارکێشانەوەی وەزیری تەندروستی پەسەند کراوە و وەزیری ژینگە و شارسازیی و گۆڕانی ئاووهەواش لە پۆستەکەی دوور خرایەوە.
ڕۆژنامەی گازیتا بڵاوی کردووەتەوە، کەمال مەمیشئۆغڵو، لە شوێنی فەخرەدین کۆجا، لە پۆستی وەزارەتی تەندروستی و موراد کوروم، لە شوێنی مەهمەت ئۆزهاسەکی بەوەزیری ژینگە و شارسازیی و گۆڕانی ئاووهەوا دەستنیشان کراون.
مورات کوروم پێشتر لە هەڵبژاردنی سەرۆک شارەوانییەکانی تورکیا کاندیدای پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) بوو بۆ پۆستی سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستانبوڵ و نەیتوانی بەرانبەر بەئەکرەم ئیمامئۆغڵو دەنگی پێویست بێنێت.
هەروەها کوروم، لە ساڵانی 2018-2023 وەزیری ژینگە و شارسازی و گۆڕانی ئاووهەوا بوو.
دوای گۆڕانکارییە وەزارییەکان هەریەک لە موراد کوروم و کەمال مەمیشئۆغڵو، سوپاسی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری وڵاتەکەیان کرد و بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە 2ی تەممووزی 2024 هەردوو وەزیرە نوێیەکە لە پەرلەمان سوێندی یاسایی بخۆن.
پێشتریش گۆڕانەکانی پێکهاتە وەزارەییەکانی کابینەی حکوومەتی تورکیا بەردەوام بابەتی گەرمی مێدیا و ڕۆژنامەکانی تورکیا بوو و دەنگۆی گۆڕینی چەند وەزیرێک لە ئارادا بوو.
ڕۆژی 30ی حوزەیرانی 2024 ڕۆژنامەی سۆزجوی نزیک لە ئۆپۆزسیۆنی تورکیا، بڵاوی کردەوە، فەخرەدین کۆجا، وەزیری تەندروستی تورکیا کە پێشتر نامەی دەست لەکارکێشانەوەی پێشکەش کردووە، ڕژدە لەسەر بڕیارەکەی و پاشگەز نابێتەوە. هەربۆیە پێشبینی دەکرا شوعەیب بیرینجی، جێگری وەزیری تەندروستی لەم قۆناغەدا بخرێتە شوێنەکەی کۆجا، بەڵام لەگەڵ پەسەندکردنی نامەی دەستلەکارکشاندنەوەکەی ڕاستەوخۆ کەمال مەمیشئۆغڵو بە وەزیری تەندروستی ڕاسپێردرا.
فەخرەدین کۆجا، کە لە ساڵی 2018ـەوە وەزیری تەندروستی تورکیا بوو و پرسی دەست لەکار کشاندنەوەکەشی لە تەوەرکانی کۆبوونەوەی حکوومەت بوو.
کاریگەرییەکانی لێکەوتەی پەتای کۆرۆنا، کێشە خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان، کۆچی پزیشکانی تورکیا بۆ دەرەوەی وڵاتەکە و نەبوونی پلانی دامەزراندنی پزیشک و کارمەندانی کەرتی تەندروستی، بوونە هۆی ئەوەی فەخرەدین کۆجا لە ساڵەکانی 2021 و 2023 نامەی دەست لەکار کشاندنەوە بداتە حکوومەت.