مووسڵییەکان لە گەڕاندنەوەی کەسوکاری چەکدارانی داعش نیگەرانن

پرۆسەی گواستنەوە و گەڕاندنەوەی خێزانەکانی چەکدارانی داعش لە کەمپی هۆل، لە ڕۆژئاوای کوردستانەوە بۆ عێراق و نیشتەجێکردنیان لە دەشتی نەینەوا بەردەوامە و بەگوێرەی مێدیاکانی عێراق ئامادەکاری کراوە 95 خێزانی دیکە لەم نزیکانە بگەڕێندرێنەوە و لە کەمپی جەدعە نیشتەجێ بکرێن.
خەڵکی مووسڵ، بەتایبەت ئەوانەی لە دەستی داعش زەرەرمەند بوون لە بڕیاری گەڕاندنەوەی خێزانەکانی داعش نیگەرانن.
جاسم محەممەد، دانیشتووی مووسڵی کۆن دەڵێ "دەبوایە حکوومەتی عێراق لەبری هێنانەوەی خێزانی داعشەکان، قەرەبووی کەسوکاری قوربانیان و زیانمەندبووانی دەستی داعشی بکردایەتەوە. چونکە، هیچ ماڵیک نییە قوربانی نەدابێ. بەڵام تاوەکوو ئێستاش قەرەبوو نەکراونەتەوە و ناشتوانن بەدوای وەرگرتنەوەی مافەکانی بکەون بەهۆی زۆری تێچوونەوە، هەندێک لە مامەڵەکان نزیکەی چوار ملیۆن دیناری تێ دەچێت، کەچی خێزانەکانی داعش تاوانبارن و حکوومەتیش بایەخیان پێ دەدات و لە کەمپ نیشتەجێیان دەکات، نازانین نهێنی ئەو بایەخ پێدانە چییە؟".
حکوومەتی عێراق لەگەڵ ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان تاوەکوو ئێستا بە شەش قۆناغی جیاواز خێزانی داعشە دەستبەسەرکراوەکانی کەمپی هۆلیان گەڕاندووتەوە و لە کەمپی جەدعەی دەشتی نەینەوا نیشتەجێان کردووەن، بەشێکی زۆری بەرپرسان و خەڵکی ئاسایی گەڕاندنەوەی خێزانەکانی داعش بۆ عێراق بە مەترسی بۆ سەر داهاتووی پارێزگاکە دەزانن.
محەممەد کاکەیی، سەرۆکی لێژنەی ئاسایش و بەرگری ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا "گەڕاندنەوەی کەسوکار و خێزانەکانی داعش بۆ کەمپی جەدعە مەترسی و هەڕەشەیە بۆ سەر پاشەڕۆژی ناوچەکە، هەرچەندە ئەم گەڕاندنەوەیە هەنگاوێکە بۆ ئەوەی هەوڵی خۆگونجاندنەوەیان بدرێت و لە داهاتوودا تێکەڵی کۆمەڵگە بکرێن، بەڵام بە نموونە، ئەگەر منداڵێک 2014 لە دایکبووبێت ئێستا تەمەنی 10 ساڵە، واتە ئەو 10 ساڵە لەنێو فیکری توندڕەویدا بووە و لە هزریدا چەسپاوە، بۆیە مەحاڵە لە ماوەی چەند مانگێکدا بتوانرێت هزری دابڕێژرێتەوە و تێکەڵ بە کۆمەڵگە بکرێتەوە".
کەمپی هۆڵ، دەکەوێتە پارێزگای حەسەکەی ڕۆژئاوای کوردستان، بەگوێرەی ئامارەکان زیاتر لە 50 هەزار ژن و منداڵی چەکدارانی داعشی تێدایە، ژمارەی خێزانە داعشەکانی عێراق لە کەمپەکە بە زیاتر لە 30 هەزار کەس دیاری کراوە و تاوەکوو ئێستاش زیاتر لە نۆ هەزار کەسیان گەڕێنراوەتەوە و لە کەمپی جەدعەی باشووری مووسڵ نیشتەجێ کراون. بەڵام کەمپەکە بە بەرمیلە باروت دەزانرێت و ترس هەیە لە هەر کاتێک بێت بتەقێتەوە و جارێکی دیکە کارەساتی لێ بکەوێتەوە.