ئەردۆغان: ئۆپۆزسیۆن بەرپرسیارە لەوەی بەرامبەر سوورییەکان ڕوویدا

دۆخی ئەو گەڕەکانەی پارێزگای قەیسەریی تورکیا ئارام بووەتەوە، دوای ئەوەی تورکەکان ماڵ و موڵکی سوورییەکانیان سووتاند، ئەو ئاژاوەیە لە دوای دەستگیرکردنی پەنابەرێکی سووری هات کە بەتۆمەتی دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر منداڵێکی پێنج ساڵان.

لەدوای ئەو ڕووداوە، دەنگی ناسیۆنالیستە تورکەکان بۆ کۆتایی هێنان بە کێشەی پەنابەرانی سووریا زیادی کردووە، بە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتەکەیان دەزانن. ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیاش ئۆپۆزسیۆنی بە بەرپرسیاری ئەو ڕووداوانەی لە قەیسەری ڕوویان دا، زانی. هەروەها عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا، جەختی کردەوە کە حکوومەت ناتوانێت ڕێگە بدات بە هاندان و ڕقابەرایەتی دژی بیانییەکان.

ئەردۆغان، لە میانی کۆبوونەوەی ڕاوێژکاریی پارتی "داد و گەشەپێدان" لە کزڵجاهامام، لە ئەنقەرە گوتی: "بە سووتاندن و ڕقەبەرایەتیی پەنابەران لە کۆمەڵگەدا ناتوانرێت هیچ ئامانجێک بەدی بهێنرێت".

ئاماژەی بەوەش کرد، "قبوڵ ناکرێت هەندێک کەس لە ئۆپۆزسیۆن، گلەیی لە پەنابەران بکەن بێتوانییان بخەنە ئەستۆی پەنابەران، سووتاندنی ماڵی خەڵک لە شەقامەکان قبووڵ ناکرێت، هەرکەسێک ئەو کارەی کردبێت".

یەرلیکایا، لە پلاتفۆرمی ئێکس، قسەی لەسەر ئەو ناڕەزایەتی و ئاژاوەگێڕییانە کرد کە لە ناوچەی مەلیک غازی لە پارێزگای قەیسەری ڕوویان دا، کە هاووڵاتییەکی سووری لەلایەن هەندێک هاووڵاتیەوە دەستگیر کرا و ڕادەستی هێزە ئەمنییەکان کرا، دوای ئەوەی دەستدرێژی کردبووە سەر کچێکی تەمەن پێنج ساڵان کە نزیکی خۆی بووە و دەستبەجێ لێکۆڵینەوە لەو بابەتە دەستی پێ کردووە.

یەرلیکایا نووسیویەتی "هاووڵاتییانمان لەم ناوچەیە کۆبوونەتەوە و بە شێوەیەکی نایاسایی مامەڵەیان کردووە، زیانیان بە ماڵ و شوێنی کار و ئۆتۆمبێلی هاووڵاتیانی سووریی گەیاندووە، سەبارەت  بەو بابەتە 67 کەس دەستگیرکران".

وەزیری ناوخۆی تورکیا ڕاشیگەیاند، "قبوڵ ناکرێت گەلەکەمان زیان بە ژینگە بگەیەنێت، ناتوانین ڕێگە بە ڕەگەزپەرستی بدەین کە نە لە باوەڕماندایە و نە لە بەها شارستانییەکانماندایە".

ناڕەزایەتییەکان، بە تایبەتی لە گەڕەکەکانی دانیشمان غازی کە دانیشتووانی سووریی دروشمیان دەگوتەوە، "ئێمە سووریی زیاترمان ناوێت، ئێمە بێگانەی زیاترمان ناوێت"، هەروەها داوای دەست لەکارکێشانەوەی ڕەجەب ئەردۆغان و حکوومەتەکەیان دەکرد، دەیانگوت، ئەو بەرپرسیارە لە هێنانی سووریییەکان بۆ تورکیا. هەروەها 10 پۆلیس بوون لەکاتی هەوڵدان بۆ هێورکردنەوەی ناڕەزایەتییەکان بریندار بوون.

پارێزگار بەڵێنی دا ڕێگە نەدات ڕووداوی لەو جۆرە لە ناوچەی دانیشمان غازی دووبارە بێتەوە و داوای لە هاووڵاتیان کرد ئارام بگرن و بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.

وەزارەتی خێزان و خزمەتگوزاری کۆمەڵایەتی ڕایگەیاند، قوربانییەکە و خوشک و براکانی و دایکی خراونەتە ژێر پاراستنی دەوڵەتەوە دوای ڕێکارەکان لە بنکەی پۆلیس پرۆسەی پاڵپشتی دەروونی بۆ منداڵەکە و خێزانەکەی پیشکەش کراوە، وەزارەت دەستوەردان لە دۆسیەکە دەکات و لە نزیکەوە بەدواداچوونی بۆ دەکات بۆ دڵنیابوون لەوەی تاوانبارەکە توندترین سزا وەردەگرێت.

پارێزگای قەیسەری، ژمارەی دانیشتووانی نزیکەی 1,400,000 کەسە، نزیکەی 84 هەزار کەسی سووری لەو پارێزگایە هەن، بە چالاکییە بازرگانییەکانیان ناوبانگیان دەرکردووە.

چارەنووسی پەنابەرانی سووری لە تورکیا بووەتە جێگای مشتومڕی سیاسی بەردەوام لە تورکیادا و نەیارانی ئەردۆغان بەڵێن دەدەن هەرکاتێک هاتنە سەر دەسەڵات بیانگەڕێننەوە بۆ سووریا، هاوکات حکوومەت باس لە بەرنامەکانی گەڕانەوەی خۆبەخشانە زیاتر لە ملیۆنێک سووری دەکات لەو 3.2 ملیۆن پەنابەر هاتوونەتە تورکیا.

سەبارەت بەو ڕووداوە، سەرۆکی پارتی ناسیۆنالیستی "جەدید"، موساوات دەروێش ئۆغڵو، داوای کرد ئەوەی پێویستە بەرامبەر بە پەنابەرانی سووری بکرێت.

دەروێش ئۆغڵو، لە بەیاننامەیەکدا لە پلاتفۆرمی ئێکس ڕایگەیاند:"چەند جارێک حکوومەتمان ئاگادارکردۆتەوە بۆ ئەوەی خۆی لەو دۆخە بەدوور بگرێت کە لە قەیسەری ڕووی دا"، گوتمان، پرسی پەنابەران هەڕەشەیەکی جیددیە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی و بۆ ئایندەی تورکیا.

ئاماژەی بەوەش کردووە، "ئێستا ئەم بابەتە کە لە داگیرکاریی بێدەنگ و شاراوە تێ پەڕیوە، لە لێواری گۆڕینە بۆ کۆمەڵکوژیی، داواش لەو کەسانە دەکەم کە هۆشدارییەکانیان پشتگوێ خست و بە ئەنقەست ملیۆنان پەنابەریان هێنایە ئەم دیوی سنوورەکانمانەوە.

دەشڵێ، جارێکی دیکە داوا لە هەموو لایەنە سیاسییەکان و سەرجەم ڕێکخراوە ناحکوومییەکان دەکەم لەسەر زەمینەی هاوبەش هەنگاو بنێن و پێشنیاری چارەی هاوبەش و ئیرادەی سیاسی هاوبەش بکەن.

Fly Erbil Advertisment